پارتی بەتەواوی كار بۆ ئەوە دەكات بەشداری هەڵبژاردنی عێراق نەكات

خواكوڕك

پێشتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە ئاشكرا كرابوو، كەبەشێكی زۆر لە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری هەڵبژاردنی عێراق نەكەن، بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەلێت پارتی بەجدی كار لەسەر ئەوە دەكات بەشداری هەڵبژاردنی عێراق نەكات”.

خسرۆ گۆڕان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی دا لەسەر بەشدار نەكردنی پارتی لە هەڵبژاردنی عێراق دەلێت پارتی بە جددی بیر لەوە دەكاتەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەكات. ئەمەش دوای شكستهێنانی زۆربەی فۆرم و شێوازەكانی حوكمڕانی لە عێراق. پارتی پاشكۆیەتی لەلایەنە سیاسییەكانی عێراق قبوڵ ناكات، یان بە هاوبەشی عێراق بەڕێوەدەبەین یان نابینە هاووڵاتیی پلە دوو، لە ساڵی 2003 كە عێراقمان دامەزراندەوە بە تەوافوق ئەم وڵاتەمان بەڕێوەبردووە لە پرسی بودجە، نەوت، سوپا و سیاسەتی دەرەوە و دابەشكردنی داهات و زۆر بواری دیكە نەك بە سیاسەتی زۆرینە و كەمینە.

هەروەها خسرۆ گۆڕان دەلێت، ئەگەر بنەمای زۆرینە و كەمینە بێت، نەك پارتی بەڵكو هەموو كورد دەنگ بە یاسایەك بدات زۆرینە ناهێنی، چونكە كورد 20%ی پەرلەمانی عێراقە. ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع بەسەر هەرێمی كوردستاندا، یان كەسانێكی وەكو مالیكی كە دەیانەوێ‌ عێراق بە زۆرینە و كەمینە بەڕێوەببەن، ئێمە لە عێراق دەكشێینەوە، بۆیە بەشدارینەكردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەگەرێكی كراوە و بەهێزە.

Back to top button