پارتی هەڵوێستی نوێی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ڕاگەیاند
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، نوێترین هەڵوێستی حزبەكەی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، بەداخەوە لایەنێك لە كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراق بە هەوڵی لایەنەكانی تر ئەمەی یەكلا كردەوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ٣ی ٢٠٢٢، مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ میدیایی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ راستییەكەی كێشە لە ناوماڵی شیعە و سوننە و كوردیشدا هەیە، كێشەی ناوماڵی سوننە تا ئاستێك چارەسەر بووە، كێشەی ناو شیعەكانیش تا ئێستا بەتەواوەتی چارەسەر نەكراوە و كێشەكەش بۆ ئێستە ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئەم كێشەیە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە سەری هەڵداوە.
گوتەبێژی پارتی زیاتر گوتی، كێشەی ناوماڵی كوردیش با بە ڕاشكاوی بڵێین، هەندێك لایەن ئەو ویستەی كە ئەوان هەیانە، بڕیاری خۆیان بدەن و هەموو شتێك بۆ ئەوان بێت، ئەمەش بۆ خۆی كێشەی دروستكردووە، وایكردووە كێشە لە ناو پرۆسەكە دروست ببێت و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هێواش بێت، بەڵام ئومێدیش دەكەین لە چەند ڕۆژی داهاتوو كێشەكان چارەسەر بكرێت و حكوومەت پێكبێت.
روونی كردووەتەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر قسەی خۆیان سوور بوون و پرس و ڕاوێژیان نەكرد، بۆیە ئێمە دەچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، هەروەها هاوبەشی كوردستان لە بەغدا بۆ كورد گرنگە، ئێمە بۆ پۆست ناچینە بەغدا، بەڵكو دەمانەوێ لە بڕیاردان لە جێبەجێكردنیش بەشدار بین، واتا پارتی لە بەغدا پۆستی بۆ پاراستنی هاوبەشی و سازان دەوێت و پێویستیشە پێداچوونەوە بە حوكمڕانی لە عێراق بكرێت.