سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زيرانى عيراق دۆخى وڵات تاوتوێ ده‌كه‌ن

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/3/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عيراقى فيدرال و شاندێكى باڵاى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا وێڕاى دوايين پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌كانى عيراق، باسيان له‌ هێرشى مووشه‌كيى به‌ره‌به‌يانيى دوێنێ 13ى ئازار بۆ سه‌ر هه‌ولێر كرد كه‌ دواتر سوپاى پاسدارانى ئێران به‌رپرسياريه‌تيى خۆيان له‌ ئه‌نجامدانى ڕاگه‌ياند.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ پێشهاتێكى جددى و پێشێلكردنێكى زه‌قى سه‌روه‌ريى عيراقه‌ و ده‌ستدرێژييه‌كه‌ ئاسايش و ئارامى و سه‌قامگيريى ته‌واوى عيراق ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عيراقى فيدرال دووپاتى كردوه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ ده‌ڕوانن و گوتى ئه‌مڕۆ هاتووين تا له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵتان بين و وه‌ك پشتگيرييه‌ك بۆ هه‌رێمى كوردستان لێره‌ين. هه‌روه‌ها هيواى خواست كه‌ هه‌ر كێشه‌يه‌ك هه‌بێت، به‌ لێكگه‌يشتن چاره‌سه‌ر بكرێت.

ده‌رباره‌ى پاساوى بۆردۆمانه‌كه‌ش گوايه‌ بنكه‌يه‌كى ئسرائيلى كراوه‌ته‌ ئامانج، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ڕه‌تيكرده‌وه‌ كه‌ هيچ بنكه‌يه‌كى ئسرائيلى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت و ئه‌و ده‌نگۆيه‌ى به‌ پاساوێكى بێ بنه‌ما له‌ قه‌ڵه‌م دا.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆك وه‌زيران كازمى كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى به‌ پشتگيرى و هاوسۆزى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ فاكته‌رى سه‌قامگيرى بووه‌ و ده‌بێت، بايه‌خيش به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ ده‌دات.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ كارى پێكه‌وه‌يى و له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامى لێكۆڵينه‌وه‌ى ليژنه‌ى هاوبه‌شى حكوومه‌تى فيدرالى عيراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕاى گشتى و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان ئاشكرا بكرێت و لێى ئاگادار بكرێنه‌وه‌.

 

Back to top button