ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیەندرا

ئەنجومەنی وەزیران بە توندی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی هەولێر سەرکۆنە دەکات و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە بەرزڕاگرتنی یادی سی و چوارەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە لایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، ژمارەیەک پێشنیار و داواکاری پارێزگای هەڵەبجە خرانەڕوو لە بوارە جیاجیاکانی تەواوکردنی هەیکەلیەتی ئیداریی پارێزگاکە و پڕکردنەوەی پێداویستی میلاک و دامەزراندن بۆ فەرمانگە وبەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان وبودجەی پارێزگاکە و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی گشتی و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و پێدانی تایبەتمەندێتی بە پارێزگا لە ڕووی ئیداریی و داراییەوە وەک پارێزگایەکی نوێ، هەروەها بابەتی تێستی دی ئێن ئەی( ( DNAبۆ منداڵە وونبوەکان و چەند داواکاریی وپێشنیارێکی دیکە کە لە لایەن پارێزگاری هەڵەبجە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابوون، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستی خزمەتکردنی هەڵەبجە وەک ئەرکی لە پێشینەی حکومەت بە شێوەیەک شایستەی هەڵەبجە بێت ، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕابسپێرێت بۆ بەدوادچوونی خێرا و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو یادداشتە بە ئاراستەی خزمەتی زیاتری پارێزگای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی ئەم پارێزگایە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ هەروەک لە ماددەی 132ی دەستوور ئەم بەرپرسیاریەتیيە بە ئاشکرا خراوەتە ئەستۆی دەسەڵاتە فیدڕاڵیيەکان.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شوێنی نیشتەجیبوونی هاووڵاتییانی هەولێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی 2022-3-13 و بەسەرکردنەوەی شوێنەکە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی یاوەری .

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەری عێراق و پێویستە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێگری لەم جۆرە هێرش و دەستدرێژیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.

سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە. بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، وێڕای دووبارە بە توندی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرش و پەلامارە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر، ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد، لیژنەیەکی نێودەوڵەتیش کە لە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕابسپێرێت کە پێویستە لە ئێستا زیاتر بە پێی تایبەتمەندێیتیان بەرپرسیاریەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگرنە ئەستۆ، بە پێی تایبەتمەندێیتی هەر وەزارەتێک و لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵات وبەرپرسیاریەتیان، کە ئەمە ئەرکی وەزارەتەکانە نەک تەنها ئەنجومەنی وەزیران، لەم ڕووەشەوە وەزارەتەکان پلانی خۆیان دەخەنەڕوو لە ڕووی پێدانی دەسەڵاتی پێویست پێیان و برەودان بە میکانیزمیی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بە شێوەیەک پێویستە چالاکتر لە ئێستا بە دەنگ داواکاریی و پێداویستیەکانی هاووڵاتییانەوە بچن، لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی وەزارەت لە پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان و قەتیسنەکردنی دەسەڵات لە دیوانی وەزارەتەکان.

لە دوابڕگەشدا ئەنجومەنی وەزیران، دڵنیایی دا بە مووچەخۆران کە پارەی پێویست دابینکراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و وەزارەتی دارایی وئابووری ،لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزیشدا، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

 

Back to top button