نێچیرڤان بارزانی: بەرپرسیارێتیی هه‌موومانه‌ پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و رووناكترى دڵنيا هه‌نگاوبنێين و سه‌ركه‌وين

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردییه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌به‌شێكى په‌يامه‌كه‌ هاتووه‌: پیرۆزبایی ئاراسته‌ی گه‌لی كورد و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌م و داوا له‌ هاووڵاتییانى ئازیز ده‌كه‌م له‌كاتى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ پابه‌ندى ڕاگرتنى پاكوخاوێنى و پاراستنى ژینگه‌ى دڵڕفێن و به‌هاریى وڵات بن. ئاگادارى خۆیان بن و ڕه‌چاوى‌ خۆپارێزى و ڕێنماییى ته‌ندروستى بكه‌ن.

 

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: 

 

په‌یامى نه‌ورۆزیى  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى، زۆر به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، له‌ گه‌لى كورد و ته‌واوى گه‌ل و پێكهاته‌ و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م. هیوادارم هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستان و ئازیزانیان جه‌ژنێكى خۆش له‌ ‌ئارامى و سه‌قامگیریدا به‌سه‌ر به‌رن.

داوا له‌ هاووڵاتییانى ئازیز ده‌كه‌م له‌ كاتى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ و گه‌شت و سه‌یرانى ناو سروشتى جوانى كوردستان، تا ئه‌وپه‌ڕى، پابه‌ندى ڕاگرتنى پاكوخاوێنى و پاراستنى ژینگه‌ى دڵڕفێن و به‌هاریى وڵات بن. ئاگادارى خۆیان بن و ڕه‌چاوى‌ خۆپارێزى و ڕێنماییى ته‌ندروستى بكه‌ن.

نه‌ورۆز كه‌ جه‌ژنی ئازادی و گیانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و بڕوابه‌خۆبوونه‌، ساڵى تازه‌ و نوێبوونه‌وه‌یه‌، له‌سه‌ر ئاستى تاك و كه‌سى، با هانده‌رى نوێبوونه‌وه‌ى بیر و ڕامانى هه‌موومان بێت و بیكه‌ینه‌ ده‌سپێك و سه‌ره‌تایه‌كى تازه‌ بۆ ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كانمان، بۆ ئاشته‌وایى و ئومێد و گه‌شبینى و بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ پێشهات و ڕووداوه‌كانى ده‌وروبه‌رماندا.

له‌سه‌ر ئاستى گشتیش، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر ئه‌ركى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستانه‌ به‌گشتى، یه‌كڕیز و ته‌با بن و به‌ هاوبه‌شى پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان به‌ یه‌كگرتوویى به‌ره‌وڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ تێیانپه‌ڕێنین.

پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و سیاسى و فیدرالیى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك چۆن به‌رهه‌مى تێكۆشانى هه‌موو كوردستانییانه‌، ئاواش به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى هه‌موومانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر و ڕووناكترى دڵنیا هه‌نگاو بنێین و سه‌ركه‌وین.

له‌م بۆنه‌یه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. وه‌ك هه‌میشه‌ فاكته‌رى چاره‌سه‌رى ده‌بین بۆ كێشه‌كانى عیراق و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاتدا، یارمه‌تیده‌ر و هاوكار ده‌بین.

هه‌ر لێره‌وه‌، له‌ كوردستانى لێبورده‌یى، یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌، ڕێز و سڵاوى نه‌ورۆزى و بۆندارانه‌ى به‌هارى، بۆ گه‌لانى عیراق و ناوچه‌كه‌، جیهان و دۆستانى كوردستان له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن، هه‌روه‌ها بۆ UN ده‌نێرین كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆزى كرده‌ ڕۆژێكى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ هه‌مووان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیری و ئاشتیدا كار ده‌كه‌ین.

نه‌ورۆز له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵیك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

20ى ئازارى 2022

Back to top button