ليزا كاكه‌يى: مشەخۆرە سیاسییەکانی سلێمانی سنووربەزاندنیان گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی مووچەی ڕەنجی 35 ساڵ بە خانەنشینێک ڕەوا نابینن

پەرلەمانتارێكى ليژنه‌ى دارايى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌لێ، ” ئارەزووم ده‌كرد بە دڵێکی خۆشەوە پیرۆزبایی نەورۆز بکه‌م، بەڵام بەداخەوە مشەخۆرە سیاسییەکانی سلێمانی سنووربەزاندنیان گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی مووچەی ڕەنجی 35 ساڵ بە خانەنشینێک ڕەوا نابینن.”

ليزا كاكه‌يى، له‌ نووسينێكدا ئه‌مرۆ يه‌كشه‌ممه‌ 20-3-2022 لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: ”نەورۆز یادێکی نەتەوەییە و ئارەزووم دەکرد بە دڵێکی خۆشەوە نەورۆزانەتان لێ بکەم، بەڵام بەداخەوە ڕووداوەکانی ئەم دواییە و بەتایبەت کارەساتی بەردەم بانکی خانەنشینیی تانجەڕۆ کە هۆکارەکەی مشەخۆرە سیاسییەکانی ناوچەکەن و سنووربەزاندنیان گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی 220 هەزار دیناری ڕەنجی 35 ساڵ بۆ خانەنشینێک بە ڕەوا نەبینن کە ئەمە ئیتر ئەوپەڕی بێمۆڕاڵی و بێویژدانییە و دوورە لە هەموو بەها ئینسانییەکان”.

لیزا کاکەیی هه‌روه‌ها نووسيوويه‌تى: ”کاربەدەستانی سنووری سلێمانی خەڵکیان گەیاندووەتە دۆخێکەوە لە لایەکەوە خانەنشینان بەکوشت دەدەن و لە لایەکیشەوە مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکان دەکەن بە نیومووچە!”

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ده‌شلێ،” لەسەر ئەم ڕووداوانە سەرەتا بە پێویستی دەزانم کە بانکی ناوەندیی سلێمانی لیژنەی تایبەت لەسەر خۆی دروست بکات و لە خۆی بکۆڵێتەوە، نەک لیژنەیەکی کارتۆنی پێک بهێنێت و وەها وێنای خۆی بکات کە بێتاوانە!”

کاکەیی له‌ كۆتايى نووسينه‌كه‌يدا ده‌شلێت: ”ئەرکی ئێمەیە زۆر بەجددی کار لەسەر دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو بکەین، تاوەکوو کۆتایی بە بەتاڵانبردنی داهاتی ناوخۆ و ئەو زوڵمە بهێنرێت کە دەرحەق خانەنشینان و مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی دەکرێت”.

Back to top button