پارێزگاری هەولێر سڵاو و رێزی سەرۆكی حكومەتی گەیاندە خەڵكی دیاربەكر
لە شارى دیار بەكرى باكووری كوردستان شاندێكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە یەكەمین پیشانگای گەشتوگوزار و چێشتلێنانی میزۆپۆتامیا كرد.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 24/3/2022، شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەشداری لە یەكەمین پیشانگای گەشتوگوزار و چێشتلێنانی میزۆپۆتامیا كرد، كە لە دیار بەكر لە باكووری كوردستان بهڕێوه چوو، لەم پیشانگایەدا چهند بهڕێوهبهرێكی گشتیی پهیوهندیدار له ههرێمی كوردستان بهشدار بوون.
پارێزگاری ههولێر، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندە خەڵكی دیار بەكر و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لێكردن و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا .
ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوەش كرد گەشتوگوزار، وەك یەكێك لە كایە گرنگەكانی ئابووری لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی لێ كراوەتەوە.
پارێزگاری هەولێر له گۆتارهكهى گوتيشى:” زۆر گرنگە لە ڕێگەی گەشت و گوزارەوە هەرێمی كوردستان ببێتە پردێك بۆ بەیەك گەیاندنی گەل و نەتەوەكانی ناوچەكە لە بارودۆخێك دا كە چەندین قەیرانی گەورە دەستی بەسەر جیهاندا گرتووە و ئەنجامدانی ئەم پیشانگایەی بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دا و بەڵێنی دا و بەهەموو توانایەكەوە پاڵپشتی ئەم پیشانگایە بكرێت.
خۆشناو زياتر گوتى :” هەولێر ئەمڕۆ بۆتە دەروازەیەك بۆ هەرێمی كوردستان و عیڕاق و ناوچەكە دووپاتیشی كردەوە ئەمڕۆ هەولێر لە پێگەیەكی گرنگ دایە ، لە هەولێرەوە ئەمڕۆ گەورەترین و گرنگترین كۆمپانیای بەناوبانگ بەوپەڕی ئازادییەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و هەزاران پڕۆژەی گەورەش ئەنجام دراون و هێشتاش پڕۆژەی دیكە بەڕێوەن سەرەڕای هەموو قەیرانەكان خۆشحاڵی خۆیشی بەوە نیشان دا كە بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای توركین.
ئومێد خۆشناو، لهكاتى پێشكهش كردنى وتارهكهى والیی دیار بەكر و بەرپرسانی توركیای داوەتی یەكەمین پیشانگای گەشتوگوزاری دوای سەردەمی كۆرۆنا كرد كە بڕیارە لە 4 ی نیسانی 2022 لە هەولێر بەڕێوە بچێت، داواشی لە والیی دیار بەكر كرد ڕێگەی ڕاستەوخۆی ئاسمانی نێوان هەولێر و دیار بەكر بكرێتەوە كە دەبێتە مایەی سوودی هەردوو لا.
له كۆتايى وتارهكهشى داوای كرد وەبەرهێنەرانی توركیا سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان وەربگرن لە هەرێمی كوردستان بە ڕەچاوكردنی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان بەڵێنشی دا ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكرێت.