کەسو کاری نەقیب محەمەد لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا ، داوای دەستگیرکردنی بکوژەکەی دەکەن .

 

لە دوای ئەوەی 113 ڕۆژ بە سەرکوژرانی نەقیب محەمەد دا تێدەپەڕێت لە کاتی ئەرکی رۆژانەی خۆیدا ، کەسو کارەکەی بە بڵاوگردنەوەی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش داوای دەستگیرکردنی بکوژی کوڕەکەیان دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن بە هیچ جۆرێک ناچینە ناو سوڵحێکی عەشایەری و دەبێت بە پێی یاسا تاوانبار سزای خۆی وەرگرێت .

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەڵێنەکان بۆ چارەسەرکردنمان و پێدانی هەر ئیمتیازێکی دیکەی یاسایی، مافێکی دەستەبەرکراوی خۆمانە و بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە بخرێتە بری بێدەنگبوون و چاوپۆشیکردنمان لە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەم کەیسە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌:

زیاتر لە 110 رۆژ بەسەر روداوی تەقەکردن لە سەیارەکەی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی تێپەڕیوە، کە لەناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، شەوی چواری دیسەمبەری 2021 رویدا.

تاوانبارانی ئەو هێرشە کە لەلایەن ئاسایشی گشتی پارێزگای سلێمانی و پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە داواکراون، هەتا ئێستا دەستگیرنەکراون و روونیش نییە کە ئایا هەر بە راستی توانیویانە دەربازی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ببن یان هێشتا لەناوخۆی هەرێمدا ماونەتەوە.

ئێمە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمی خۆمان و بە فەرمانی دادوەر چووبووین داواکراوێک دەستگیربکەین، بەڵام بەداخەوە هێرشمان کرایە سەر. جگە لە شەهیدبوونی هاوکاری خۆشەویستمان نەقیب محەمەد هاوکات چواری دیکەش برینداربووین، کە برینی دوانمان سەختە و یەکێک لە بریندارەکان نیوەی لەشی لە جوڵە کەوتووە.

ئێمە وەک کەسوکاری شەهید نەقیب محەمەد لەتیف و دەربازبووە بریندارەکانی ئەو هێرشە، بەپێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕوو:

1- ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێ لە پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسەکە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە راستییەوە. ئەم خوێنە رژاوە، ئەم بارە دەروونییە ناجێگیرەی کە ئێستا دەیگوزەرێنین لەگەڵ ئازاری ئەو فیشەکانەی بەجەستەمانەوەیە بەهیچ شێوەیەک قابیلی هیچ سوڵحێک نییە. ئێمە جەختدەکەینەوە و پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن و یاسا کاری خۆی بکات. ئێمە کە بۆ جێبەجێکردنی یاسا چووبووین، هەرگیز ناچینە سەر فەرشی هیچ سوڵحێکی عەشایەری.

2- تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە بەسەر دەستگیرنەکردنی تاوانبارەکانی ئەم کەیسە سەرباری بەڵێنەکان و هاتنە سەرخەتی خودی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێی پرسیارە بەلای ئێمەشەوە. وێڕای سوپاس و رێزمان بۆ برادەرانی پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان کە بەچەندان شێوە هاوخەمی و دڵسۆزی خۆیان بۆ دووپات کردوینەتەوە. بەڵام ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئێمە پێویستە وەک روداوێکی گەورەتر سەیر بکرێ بەلەبەرچاوگرنتی پلە سەربازییەکەمان و ئەو راستییەش کە ئێمە لەجێبەجێکردنی ئەرکدا هێرشمان کراوەتە سەر.

3- ئەوانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناویان دەهێنرێ و دەوترێ دەستیان هەبووە لە داڵدەدان یان رەوانەکردنی تاوانبارەکان بۆ دەرەوەی هەرێم، پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێ. هاوکات ئەگەر دەنگۆی راکردنیان بۆ دەرەوەی هەرێم راستە، ئەوا داوادەکەین بە فەرمی بۆ هەموان و رای گشتی روونبکرێتەوە کە تاوانبارەکان چۆن توانیویانە دەربازی دەرەوەی هەرێم بن.

4- ئێمە وەک بریندارەکان هێشتا لە چاوەڕوانی بەڵێنەکانداین بەمەبەستی بردنە دەرەوەمان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە هێشتا هیچکام لەو بەڵێنانە جێبەجێنەکراون. هەربۆیە بەپێویستی دەزانین جارێکی دیکە وەبیری هەمووانی بهێنینەوە کە ئەوەی ئێمە دەچێژین لە ئازاری جەستەیی و دەروونیی، پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە.

5- بەڵێنەکان بۆ چارەسەرکردنمان و پێدانی هەر ئیمتیازێکی دیکەی یاسایی، مافێکی دەستەبەرکراوی خۆمانە و بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە بخرێتە بری بێدەنگبوون و چاوپۆشیکردنمان لە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەم کەیسە.

لەگەڵ رێزی دووبارەمان

 

ئاڵا لەتیف لە جیاتی خێزانی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف

ئارام قادر

ئاکام هیدایەت

رێباز عومەر

سیروان حەسەن

Back to top button