پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتیی

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا وێڕای ئەوەی سووکایەتیکردن بە هێما باڵاکان بە زاندنی هێڵی سوور ناودەبات و ئاماژە بە فەرهەنگی باڵای گەلی کوردستان دەکات بۆ پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و کەلتووەرەکان ، هێرشکردنەسەر سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکات

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان و هێما باڵاكان بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو و نیە و بەزاندنی هێڵی سوورە و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووكایەتیە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لە لایەن كەسێكەوە بە مەرجەعیەت كراوە. ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە ناشیاوانە هیچ پەیوەندییان بە گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە. كوردستان خاوەنی فەرهەنگی بەرزی پێكەوەژیانە و، سووكایەتیكردن بە ڕەمز و موقەدەساتی خەڵك لە ناو فەرهەنگی گەلی كوردستان هیچ كات جێگەی نەكردووەتەوە و جێگەی نابێتەوە. گەلی كوردستان ڕێز و پێزانینێكی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیە و پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان بارزانیی نەمر و ئایەتوڵڵا حەكیم و شەهید سەدر گەواهیە بۆ ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتیە دێرینە. ئەو كەسەش كە سووكایەتی كردووە لە لایەن یاساوە گیراوە و سزای تاوان و زێدەڕۆیی خۆی دەداتەوە.
هەروەها زۆر بە توندی ئیدانەی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەكەین كە ئەوە بۆ دووەمین جارە لە لایەن كۆمەڵێك تێكدەر و شكستخواردوو ئەنجام دەدرێت و ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و لە ڕاستیدا ئەو گرووپانەش جگە لە خەراپەكاری و تێكدان و ئاژاوە هیچی تریان لەدەست نەهاتووە.
مسعود بارزانی
٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢

Back to top button