سه‌رۆك بارزانى: له‌ مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، رۆژنامه‌ی خه‌بات هەردەم مینبه‌رێکی ڕەسەنی گه‌یاندنی په‌یامی ڕاستەقینە و ئاشتیخوازی گه‌له‌كه‌مان بووە

سه‌رۆك بارزانى بەبۆنەی شەست و سێ ساڵەی بەئاشکرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات په‌يامێكى پيرۆزبايى ئاڕاسته‌ى سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی خه‌بات كرد.

 

ده‌قى پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی شەست و سێ ساڵەی بەئاشکرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات

به‌ناوی خودای بەخشندە و میهره‌بان

به‌ڕێزان، سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی خه‌بات

به‌ بۆنەی یادی شەست و سێ ساڵە‌ی به‌ ئاشكرا ده‌رچوونی ڕۆژنامەی خەبات گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئێوەی ئازیز‌ ده‌كه‌م و هیوای به‌رده‌وامی و پێشکەوتنتان بۆ ده‌خوازم.

له‌ مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، رۆژنامه‌ی خه‌بات هەردەم مینبه‌رێکی ڕەسەنی گه‌یاندنی په‌یامی ڕاستەقینە و ئاشتیخوازی گه‌له‌كه‌مان بووە و تا ئێستایش ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له‌ به‌رگریكردنی ده‌ستکەوته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییە‌كاندا ڕۆڵێکی پێشەنگانەی هەیە
و پیشەییانە پابەندی یاسا و ئاكاری رۆژنامه‌نووسی بووە.

ڕۆژنامەی(خه‌بات) له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌دایه‌ و هه‌میشه‌ ڕاستگۆیانە‌ كاری له‌سه‌ر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و پێكه‌وه‌ژیان كردووه‌.
لە ساڵیادی بە ئاشکرادەرچوونی ڕۆژنامەی خەباتدا دەستخۆشیتان لێ ‌ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی
٤ـی نیسانی ۲٠۲۲

Back to top button