نێچیرڤان بارزانی:پەكەكە بونەتە هۆكاری ئەوەی شنگال ئاوەدان نەكرێتەوە.

خواكورك

 نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣-٣-٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە دهۆك لەگەڵ شاندێكی ئێزدییان بە سەرۆكایەتیی (میر تەحسین بەگ) میری ئێزدییان و ئامادەبوونی (بابەشێخ) و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕووحانی و ڕۆشنبیران و پیاوماقوڵان و سەرۆك هۆزەكانی ئێزدی لە شەنگال و ناوچەكانی دیكەی ئێزدییان كۆبووەوە.

 

“نێچیرڤان بارزانی” سەرۆك حكومەتی هەرێمی بە میری ئێزیدییانی ڕاگەیاند: خوازیاری ئەوەین لە نزیكترین دەرفەتدا دەست بە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی شەنگال بكەین، بەڵام پەكەكە بونەتە هۆكاری ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەتوانن وەكو پێویست كارێكی جددی لەسەر ئەم پرسە بكەن و شنگال ئاوەدان بكەنەوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە “بارزانی”دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵ و تواناكانی بەردەوامە بۆ بەجینۆساید ناساندنی كارەساتی شەنگال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی لیژنەی باڵای تایبەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو بابەتە كرد و جەختی كردەوە كە حكوومەتی هەرێم هەرچی لەدەستی بێت بۆ سەركەوتنی ئەو دۆسیەیە و ناساندنی كەیسی شەنگال وەك جینۆساید، هیچ درێخییەك ناكات. جەختی لەوەش كردەوە كە هەوڵ و تەقەڵاكانی ئازادكردنی خوشك و دایكانی ئێزدی ئەوانەی هێشتا لەدەستی داعشدا ماون بەردەوامە و هەموو توانایەك دەخەنەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەیان>

 

بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە لەكاتی ڕزگاركردنی كۆبانێدا چۆن پێشمەرگە بەشداری كرد و دوای تەواوبوونی ئەركەكەیان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، هەمان چاوەڕوانییان لە پەكەكە هەیە و هیوای خواست پەكەكە لە هەستاری و ئاڵۆزیی بارودۆخەكە تێبگات و ئاقڵانە لەگەڵ ئەم دۆسیایە مامەڵە بكات، هەروەها ئاشكرای كرد هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك نایەوێت و خوازیاری دروستبوونی شەڕ و ناكۆكی نییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەكیش خۆسەپاندنی بەزۆری هیچ هێزێك لەڕێگەی هێزەوە قبووڵ ناكات>

 

پاشان لە وتەیەكدا (میری ئێزدییان) و ئەندامانی شاندەكەیان سوپاسی سەرۆكی حكومەتیان كرد بۆ تەواوی هەوڵەكانی سەبارەت بە سەرجەم كێشەكانی شنگال و ناوچەكە

Back to top button