به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌هێشتنى مادده هۆشبه‌ره‌كان: لەنێو دیاریی ئایینی‌دا دەست بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەردا گيرا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌هێشتنى مادده هۆشبه‌ره‌كان، رايده‌گه‌ينێت:” تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیر كرا، كه به نیاز بوو له ڕێگه‌ى كۆمپانیایه‌كى گواستنه‌وه و له ژێر سێبه‌رى ئایینى ئیسلام، مادده‌ى هۆشبه‌ر ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى وڵات بكات بەڵام دەستیان بەسەردا گیرا.
له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 12/4/2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌هێشتنى مادده هۆشبه‌ره‌كان، له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) راى گه‌ياند: “دواى به‌دواداچوون و چاودێرییه‌كى ورد، ئه‌مڕۆ ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، توانییان دەست بەسەر بڕى هەشت کارتۆن کە چەند کەلوپەلێکی دیاریی ئایینی تێدابوو، بگرن، كه کارتۆنەکان بە شێوەیەکی زۆر تۆکمە ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵی تواوەیان لەناودا حەشار درابوو”.
راشيگه‌ياندووه، تۆمه‌تبارێك به ناوى (ا، ح، ا) ده‌ستگیر كرا، كه به نیاز بوو له ڕێگه‌ى كۆمپانیایه‌كى گواستنه‌وه، له ژێر سێبه‌رى ئایینى ئیسلام، ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى بكات، ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوه.


