وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

 

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، 34 ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس لە گوندی شێخ وەسانان و بالیسان و گوندەكانی دۆڵی خۆشناوەتی تاوانێكی دیكەی خستە سەر زنجیرە تاوانەكانی خۆی، كە لە چوارچێوەی كۆمەڵكوژی و لە ناوبردنی گەلی كوردستان جێبەجێی دەكرد.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

خەڵكی تێكۆشەری بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی ،

تاقانەكانی جینۆساید

مێژوو شاهیدی خۆراگری و قوربانیدانی دەڤەرەكەتانە، كە هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی شۆڕشەكانی گەلی كوردستان بوون و لەمێژووی كوردایەتیدا لاپەرەی ڕەنگینتان بەخوێن نەخشاندوە و بەرگری و خۆڕاگریتان لەبەرانبەر مەترسیدارترین چەكی كۆكوژی كیمیاوی شكستی بە پلان و پیلانی دوژمنان هێنا و ئێوەش سەربەرزانە لە سەر خاكەكەی خۆتان مانەوە.

خەڵكی خۆڕاگری دۆڵی خۆشناوەتی

لەكاتێكدا ئێمە لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەردەوامین لە خزمەتی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و تاقانەكانی جینۆساید لەو سنورە و هەموو كوردستان ، لەهەمانكاتدا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەچوارچێوەی ماددەی ۱۳۲ ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا به ئەركی یاسایی و دەستووری خۆی هەستێ بۆ بە دیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژییە …

درود بۆ شەهیدانی جینۆسایدی بالیسان و شێخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی و سەرجەم شەهیدانی گەلی كوردستان

سەربەرزی بۆ كەسوكاریان.

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان

۱٦ / ٤ /٢٠٢٢

Back to top button