مەرج و رێنمایی نوێ بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە بڵاو کرايه‌وه‌

هەرکەسێک ئەمساڵ کۆمپانیای حەج دابمەزرێنێت ساڵی داهاتوو بەشداردەبێت لە تیروپشکی کۆمپانیاکان بۆ گواستنەوەی حاجیان

بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان مەرج و رێنمایی نوێ بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە بڵاو دەکاتەوە
له‌ راگه‌يێندراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست ده‌زگاى ميديايى ( خواكوڕك) كه‌وتووه‌ ، بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مرۆ يه‌كشه‌ممه‌ 17-4-2022 راى گه‌ياند، “بە مەبەستی ڕێکخستن و ئەنجامدانی چاکسازی و کارئاسانی زیاتر و کەمکردنەوەی ڕووتین ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی هەرێمی کوردستان، مەرج و ئەرک و رێنمایی نوێ بۆ ئەو کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە خوازیارن کۆمپانیای عومڕە بە تەنها یاخود کۆمپانیای حەج و عومڕە دابمەزرێنن.”
لە گرنگترین ئەو گۆرانکارییانەی کە لە مەرجەکاندا کراوە لەمڕۆوە هەر هاووڵاتییەک خوازیاری ئەوە بێت لە بواری عومڕەدا کاربکات دەتوانێت داواکاری پێشکەش بە بەرێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی پارێزگاکەی خۆی بکات ئەگەرچی پێشتر حەجیشی نەکردبێت.”
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە هەرکەسێک خوازیاری ئەوە بێت کە لەبواری حەج و عومڕەدا کاربکات و مەرجەکانی تێدا فەراهەم بێت دەتوانێت لەمڕۆوە داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی پارێزگاکەی خۆی بکات بە مەبەستی وەرگرتنی مەرج و ڕێنمایی و ئەرکەکان و ئەنجامدانی ڕێککارەکانی پێویست بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کۆمپانیای حەج و عومڕە.
شایانی باسە ئەو مەرج و ئەرک و رێنمایییانە ئەو کۆمپانیانەیش دەگرێتەوە کە لە ساڵانی رابردوودا دامەزراون و چەندین ساڵە لە بواری حەج و عومڕەدا کاردەکەن بە مەبەستی پابەندبوونیان بە مەرج و ئەرکەکان تاوەکوو بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی حاجیان و عومڕەکاران بکەن.
Back to top button