دڵشاد گەرمیانی بۆعەلی باپیر لەکۆنگرەی داهاتوو قسەی خۆمان دەکەین

 

دڵشاد گەرمیانی ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ، هێرش دەکاتە سەر عەلی باپیر و کۆمەڵی دادگەری و بۆی دەنوسێت:” لەبری بیانوو هێنانەوە، واباشترە دان بەشکستی خۆمان بنێین. ئایا باشترین و کورتترین ڕێگا ئەوە نیيە ڕاستیيەکان بەجەماوەری خۆمان بڵێین و دان بە هەڵەکانی خۆماندا بنێین ؟
هەروەها ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ دەشڵێت: ئەو برایانەی ئێستا لە ئەنجوومەنی باڵان هیچ کامیان ئەندازیاری ئەو پرۆژەیە نەبوون کە سێ ئەنجوومەن دروست بکرێ و ناوی مەکتەبی سیاسی بگۆڕدرێن، گەر ئەم خاڵە یەکێک لە گرفتەکان بێت؛ چ پەیوەندیەکی بەئەندامانی ئەنجوومەنی باڵاوە هەیە؟”.

هەروەها گەرمیانی دەشڵێت ”ئەو ناو گۆڕینەی کە لەکۆنگرە بەئومێدی زیادکردنی کورسی و فراوان بوونی کۆمەڵ کردمان و خەڵکانێکی زۆری لێ ڕەنجاندین، بەهەڵەدا چووبووین و باشمان نەکرد و فەرموون با یەکێک لەبەخۆدا چوونەوەکانمان گێرانەوەی ناوەکەو، ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەمان بێت و بە چ بەڵگەو پێوەرێک بەبێ دیاری کردنی چەند خاڵێکی لاوازو سەلماندنی، هۆکاری سەرەکی شکست بدرێتە پاڵ برایانی ئەنجوومەنی باڵاو لەکەدار بکرێن

هەروەها لە بارەی زوویر بوونی دلێر گەرمیانی، دڵشاد گەرمیانی دەنوسێت:” م.دلێر گەرمیانی پاش بینینی دیمەنی چەپڵە ڕێزانی خەڵکانێکی ناو کۆنگرە کە لەخۆشی ناوگۆڕین و دەربازبوون لەمۆرکی ئیسلامی بوون، بڕیاری دابوو بەبێ کێشە درووست کردن و خەڵک سارد کردنەوە دەست لەکاربکێشێتەوەو خودا حافیزی لەکۆمەڵ بکات، بەڵام دواتر کەیەکترمان بینی وەکو حورمەت و متمانەیەکی براگەورەیی بەرپرسیاریەتی بڕیارەکەی خستە ئەستۆی من، منیش ئەوکات پاش ئیستخارەو مەشورەت کردن و بینینی پەرۆشی خەڵکانێکی زۆر، بەتایبەت برایانی ئەنجومەنی باڵاو زۆرێک لەبرایانی سەرکردایەتی بەباشم زانی هەتا ئەم چوار ساڵەی تر دان بەخۆیدا بگرێت و بەردەوام بێت، بەڵام لەئێستادا دوای (ماجەرای)کۆبونەوەی گشتی قەناعەتم گۆڕاوە، پێم وایە ئەوەی بە زار دەربارەی قبووڵ کردنی ڕای جیاواز دەگوترێ حەقیقەتی نییەو، دووبارە بوونەوەی ئەو قسە ساردانە سەر دەکێشێ بۆ ناکۆکی زیاترو دڵ ئێشانی گەورەتری لێ پەیدا دەبێت، باشتر وایە لەبەر پاراستنی مافی برایەتی و ڕێزو حورمەتی مێژوویەکی ڕابردووی دوور و درێژمان لەگەڵ ئەو برا بەڕێزو زۆرخۆشەویستانە دا ، هەتا کۆنگرەی داهاتوو بەشداری دانیشتنەکان نەکات، وە لەکۆنگرەش قسەو بڕیاری یەکلا کەرەوەی خۆمان دەکەین.

Back to top button