وه‌زيرى ته‌ندروستى: دەسەڵاتی تەواو بە بەڕێوەبەری تەندروستیی شارەكان دراوه‌

وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكراى ده‌كات، بودجەی تەواو بۆ كڕینی دەرمان تەرخان كراوە، بۆ نەهێشتنی رۆتینیش، دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی و ژمێریاری و یاسایی 100%، دراوەتە بەڕێوەبەراتییە گشتییەكانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممه‌ 19-4-2022، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، كەمیی دەرمان هیچ پێوەندیی بە حكوومەتەوە نییە، چونكە بودجەی تەواوی بۆ تەرخان كردووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی وەزارەتی دارایی، بودجەی بۆ تەندروستی تەرخان كردووە كە چەند جۆرێكی هەیە.

وه‌زيرى ته‌ندروستى باسى له‌وه‌شكرد كه‌، ئێستا هەریەك لە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە و دڵ و پسپۆڕییەكان، بودجەی تایبەت بەخۆیان هەیە، جگە لە بودجەی سووتەمەنی و بودجەی فەرمانگەكە، هەروەها سەرەتای ساڵ سەرجەم بودجەكان لەلایەن حكوومەتەوە رەزامەندی لەسەر دراوە و نوێ كراونەتەوە.

د.سامان به‌رزنجى گوتيشى، بە ئامانجی نەهێشتنی رۆتین لە كڕینی دەرمان و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی، دەسەڵاتی تەواوی كارگێڕی و دارایی و ژمێریاری و یاسایی، 100% دراوەتە بەڕێوەبەراتییە گشتییەكانی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

له‌كۆتايى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانييه‌كه‌يدا وەزیری تەندروستی روونی كردەوە، ئێستا هەموو ئەو مامەڵانە بە تەندەر لە رێی گرێبەستەوە دەكرێن، بەمەبەستی نەهێشتنی رۆتین، هیچ مامەڵەیەكیان ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەڵكو هەموویان راستەوخۆ لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان رایی دەكرێن.

 

ماوەیەكە بەرپرسانی سلێمانی بانگەشە ئەوە دەكەن، دەرمان لە نەخۆشخانە حكوومییەكان نەماوە و پێویستیان بە بودجەیەك هەیە بۆ كڕینی، بەڵام ئه‌مرۆ وه‌زيرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد كه‌ حكوومەت بودجەی تەواوی بۆ دابین كردوون و كەمیی دەرمان هیچ پێوەندیی بە حكوومەتەوە نییە.

Back to top button