دژه‌تیرۆری كوردستان پیلانێكی مه‌ترسیداری په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌

ده‌زگای دژه‌ تیرۆری كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ده‌زگاكانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پیلانێكی مه‌ترسیداری په‌كه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان پووچه‌ڵ كرده‌وه‌ و ده‌ستیشی به‌سه‌ر رێژه‌یه‌كی زۆری مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌ و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیدا گرت.

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ده‌زگای دژه‌تیرۆری كوردستاندا هاتووه‌: “له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتیان و هه‌رێمی كوردستان، هێزه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، له‌ رێكه‌وتی 17ی نیسانی 2022 له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، توانییان ده‌ست به‌سه‌ر (یه‌ك تۆن مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌ له‌ جۆری پی ئی تی ئێن، 10 مووشه‌كی كۆنكۆرسی دژه‌ تانك، 23 ماتۆڕی درۆنی هێرشبه‌ر، 1200 ماسكی دژه‌گاز و 375 یه‌ده‌گی چه‌كی كلاشینكۆڤ)ـدا بگرن”.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، “له‌ ئاكامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبار (یونس ئه‌حمه‌د قاسم سلێمان) ده‌ركه‌وت، ناوبراو له‌ رێگه‌ی به‌رپرسێكی سه‌ربازیی یه‌په‌گه‌ به‌ ناوی (رۆدی حوسێن) ته‌واوی ئه‌و مادده‌ و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییانه‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی به‌ده‌ستی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ تا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌كاریبهێنن”.

 

Back to top button