پارێزگای هه‌ولێر لەبارەى نەخۆشی “تای خوێنبەربوون” راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

نووسینگه‌ی پارێزگای هه‌ولێر له‌باره‌ی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوونه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، دوابەدواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ لە دیوانى پارێزگادا، لەبارەى “تای خوێن به‌ربوون” (الحمی النزفیه‌) کە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی زۆر مه‌ترسیداره‌، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، بەهیچ شێوەیەک رێگه‌ نادرێت ئاژەڵ لەدەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر:

دوابەدواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.4.27، لە دیوانى پارێزگا، کە بەسەرپەرشتى بەڕێز پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى رەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا، لەبارەى (تای خوێن به‌ربوون) (الحمی النزفیه‌) کە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ و له‌ڕێگه‌ی ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌ و هه‌ندێكجار له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ مرۆڤ، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراون و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە.

لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و رێگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى “تاى خوێنبەربوون”، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:

یەکەم/ بەهیچ شێوەیەک رێگه‌ نادرێت ئاژەڵ لەدەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت لەبەردەم دوکان و شەقامەماکان، ئەرکى قائیمقام، بەڕێوەبەرى ناحییە، شارەوانى، لیژنەکانى تەندروستی و بازاڕە رێگرى لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچى بکات رێکارى توندى یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

دووەم/ بەهاوکارى یەکە کارگێڕیەکان دەستبکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و رشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.

سێیەم/ لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاووڵاتیانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگاداربکرێنەوە لە رشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە).

چوارەم/ رشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بەگشتى.

پێنجەم/ خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت لەسەر ئەرکى خۆیان پابەندبن بە رشاندنى ئاژەڵەکانیان بەسەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.

شەشەم/ دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لەژێر سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.

حەوتەم/ هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لەدەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

Back to top button