هيڤيدار ئه‌حمه‌د و ليزا كاكه‌يى: جگە لە كارە نایاسییەكانی خاڵە سنوورییەكان مانگانە 40٪ی لە داهاتی سلێمانی دیار نییە كه‌ ده‌كاته‌ نزيكه‌ى 55 ملیار دینار

دوو ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسيۆنى پارتی، بە داتا و بەڵگەوە، بڕی داهات و خەرجیی هەرێمی كوردستان بە گشتی و داهاتی سلێمانی بەتایبەتی دەخەنە روو.

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، 28-4-2022، هێڤیدار ئەحمەد و لیزا فەلەكەدین كاكەیی، كه‌ ئه‌ندامى لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانن لە فراكسيۆنى پارتی، چه‌ندين داتاو زانيارىان سەبارەت بە داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردۆته‌وه‌ تێدا رايانگه‌ياندووه‌: ”سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان بریتین لە داهاتی نەوتی، داهاتی ناوخۆ، هاوكاریی هاوپەیمانان، 200 ملیار دیناری بەغدا (كە لەمساڵدا تەنیا یەك جار 200 ملیارەكەی بۆ هەرێم ناردووە)“.

ئەو دوو پەرلەمانتارە نووسیویانە:” ئەوە بڕە پارەیەی لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئادار ماوەتەوە (541) ملیۆن دۆلار بووە، دەشڵێن: ”هەرێمی كوردستان بەتێكڕا لە ڕۆژێكدا 420 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، كێشەیەكی كاتیی بۆ فرۆشتنی بڕی 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ مانگی ئادار دروست بووە. بۆیە تێكڕای فرۆشی نەوت بۆ مانگی ئادار 360 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێكدا بە نرخی (99.97$) بۆ هەر بەرمیلێك. واتا داهاتی مانگی ئادار لە نەوت یەك ملیار و 118 ملیۆن دۆلار بووە. لەو بڕە (577) ملیۆن دۆلار بۆ خەرجیی كۆمپانیاكان و كرێی گواستنەوە و قەرزەكان رۆیشتووە، ئەوەی كە ماوەتەوە، (541) ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە“.

ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى ليژنه‌ى دارايى له‌باره‌ى داهاتى ناوخۆش نووسیویانە: ”تێكڕای مانگانەی داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان (295) ملیار دینارە، كە دەكاتە 28٪ی كۆی گشتیی داهاتی هەرێمی كوردستان‌، كە سەرچاوەكەی داهاتی گومرگەكان (بۆ مانگێك 126 ملیار دینارە) و دەكاتە 42٪ی كۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ، كە هەولێر و دهۆك 87 ملیار دینار و 69%ی داهاتی گومرك پێك دەهێنن و سلێمانی 39 ملیار دینارە، كە 31%ی داهاتی گومرك پێكدەهێنێت“.

له‌به‌شێكى ترى نووسينه‌كه‌يان سەبارەت بە داهاتی باج، نووسيوويانه‌: ”بۆ مانگێك 39 ملیار دینارە. 13٪ی كۆی گشتیی داهاتی ناوخۆیە. لەم بڕەدا هەولێر و دهۆك بۆ مانگێك 32 ملیار دینار داهاتیان هەیە، كە دەكاتە لە 82٪ی داهاتی باج بۆ مانگێك. پێشتر لە سلێمانییەوە داواكارییەك هەبوو، كە ناكرێت كارێك لە سلێمانی بكرێت ‌و بڕی باجەكەی لە هەولێر بدرێت. ئەو كێشەیە لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان‌ و ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ئاشتی لە سلێمانی، بڕیاری چارەسەركردنی درا، كە هەر پڕۆژەیەك لە سلێمانی بێت ‌و كۆمپانیای جێبەجێكار لە هەولێر بێ، دەبێت داهاتی باجەكەشی هەر بۆ خودی سلێمانی بێت“.

هاوكات سەبارەت بە داهاتی رسوومات يش،ده‌لێن: ”لە كۆی 19 وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان 11 وەزارەت داهاتیان هەیە و بڕی داهاتی بەدەستهاتوو لەم وەزارەتانە، بەتێكڕا بۆ مانگێك (130 ملیار دینارە). دەكاتە 44٪ی لە كۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ“ و ئەویش بە داتا و ژمارەی هەر وەزارەتێك و بۆ هەر پارێزگایەك روون كراوەتەوە.

هيڤيدار ئه‌حمه‌د و ليزا كاكه‌يى هه‌روه‌ها له‌ باره‌ى دەرەنجامی تێكڕای داهاتەكان نووسیویانە: “كۆی گشتیی داهاتی مانگی ئاداری ئەمساڵ 2022، بەم شێوەیەیە: نزیكەی یەك ترلیۆن و 41 ملیۆن دینار (720 ملیۆن دۆلار). ئەمە لەگەڵ 200 ملیار دیناری عێراق، كە تەنیا بۆ مانگی سێ نێردراوە”.

سەبارەت بە خەرجییەكانیش نووسیویانە: “خەرجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگێكدا یەك ترلیۆن ‌و 41 ملیار دینارە و دابەش كراوە بۆ دابینكردنی مووچە 909 ملیار دینار. هەروەها نەسرییە و بودجەی تەشغیلی و پڕۆژەكان 132 ملیار دینار”، ئینجا دوای ئەوە كورتهێنانەكەیان بە داتا و ژمارە روون كردووەتەوە.

هێڤیدار ئەحمەد و لیزا كاكەیی، ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمان، سەبارەت بە هۆكاری سستیی دابەشكردنی مووچە لە پارێزگای سلێمانی (هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین)،  نووسیویانە: “نزیكەی 55 ملیار دینار داهاتی مانگانەی سلێمانی، ئەوەی كە (بە فەرمی) كۆدەكرێتەوە، ناگەڕێتەوە نێو بانكەكان، كێشەكە لە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆدایە، كە بەدوای خۆیدا كێشەی نەختێنەی بۆ بانكەكانی سلێمانی دروست كردووە و ئەمەش هۆكاری سەرەكییە لە سستیی دابەشكردنی مووچە، كەمیی دەرمان، پاكنەكردنەوەی شارەكان لە زبڵ و خاشاك”.

بۆ بەڕێوەبردنی داهات و خەرجی، هەرێمی كوردستان چەندین ساڵە سیستەمێكی دارایی تایبەت جێبەجێ دەكات، كە ئەم سیستەمە بەم شێوەیەیە: (57% هەولێر و دهۆك) و (43% سلێمانی).

ده‌شلێن:”  مانگانە 40٪ی لە داهاتی سلێمانی دیار نییە، لە كۆی گشتیی داهاتی ناوخۆی هەرێم، كە 295 ملیار دینارە، تەنیا 78 ملیار دیناری لە پارێزگای سلێمانییەوەیە! لەكاتێكدا بەپێی سیستەمی ڕێژەیی دارایی هەرێم بێت، پێویستە داهاتی سلێمانی مانگانە نزیكەی 130 ملیار دینار بێت، واتە مانگانە 40٪ی لە داهاتی سلێمانی دیار نییە، كە دەكاتە نزیكەی 55 ملیار دینار، ئەمە جگە لە كارە نایاسییەكانی خاڵە سنوورییەكانی پارێزگاكە، بەتایبەت قاچاغچییەتی”.

ئاشكرای دەكەن: “سەبارەت بەم بابەتە، ساڵی پێشوو وەكو لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانمان كرد و بە بەڵگە و دۆكیۆمێنت بۆمان ڕوون بووەوە، كە قاچاغی لە باشماخ و پەروێزخان بە ڕۆژی ڕووناك بەردەوامە”.

له‌ كۆتايى نووسينه‌كه‌يان دەشڵێن: “لەم بابەتە شیكارییەدا، ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەو داهاتەیە، كە بەشێوەیەكی یاسایی و فەرمی كۆ دەكرێتەوە، ئەگەر تەواوی ئەو داهاتەی بە فەرمی كۆدەكرێتەوە وەكو خۆی بچێتە خەزێنەی حكوومەت و بەشێوەیەكی شەفاف و دادپەروەرانە بەڕێوە ببردرێت، كۆتایی بە قەیرانی دارایی لە سلێمانی دێت”.

Back to top button