بارەگای بارزانی لەبارەی دەنگۆیەک ڕوونکردنەوە دەدات
ئەمڕۆ هەینی بارەگای بارزانی ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەواڵێكی ناڕاستی چەند میدیایەكی عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.
بارەگای بارزانی لە پەیامێکدا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەڵامی پەیوەندییەکانی سەرۆک بارزانی ناداتەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “لێرەدا بۆ ڕای گشتیی عێراق و كوردستان ڕوونی دەكەینەوە كە ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی. لەنێوان سەرۆک بارزانی و سەید موقتەدا سەدر ئەوپەڕی ڕێزگرتن و متمانە و پەیوەندیی زۆر باش هەیە. ئەوانەشی ئەم جۆرە دەنگۆیانە بڵاو دەكەنەوە ئامانجیان داپۆشینی شكست و دواكەوتنیانە لە پڕۆسەی سیاسی.”
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش دا “ئەگەر لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیەكیش بۆ كەمبوونی جموجۆڵی سیاسی هەبووبێت ئەوە لەبەر ڕەچاوكردنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بووە.”