نێچیرڤان بارزانی: دەبێ ئەوپەڕی ڕێز لە مافەكانی كرێكاران بگیرێت
لە پەیامێكیدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: كرێكاران وەك توێژێكی گرنگ و كاریگەری كۆمەڵگەی كوردستان، وێڕای قوربانیدان و بەشداریی كارایان لە خەبات و پێشمەرگایەتیدا، هەمیشە ڕۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕۆژی جیهانیی كرێكاران:
یەكی ئایار، ڕۆژی جیهانیی كرێكاران بە گەرمی لە تەواوی كرێكارانی كوردستان، سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان و لە كرێكارانی عیراق و جیهان بەگشتی، پیرۆز دەكەم، دەستی كار و كۆششیان دەگوشم، بە ڕێز و پێزانینەوە لە ئەرك و ماندووبوون و ڕۆڵیان دەڕوانم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
كرێكاران وەك توێژێكی گرنگ و كاریگەری كۆمەڵگەی كوردستان، وێڕای قوربانیدان و بەشداریی كارایان لە خەبات و پێشمەرگایەتیدا، هەمیشە ڕۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە. دەبێ ئەوپەڕی ڕێز لە مافەكانیان بگیرێت، ژیان و شكۆیان پارێزراو بێت، ڕێكخراو و سەندیكاكانیان چالاك و ڕێكخراوتر بن بۆ ئەوەی پارێزەری باشتری ماف و شایستەكان و كاژێرەكانی كاركردنیان بن و مسۆگەری ئەوە بكەن كە كرێكاران لە هەلومەرج و ژینگەی دروستدا كار دەكەن.
لەم یادەدا جەخت لە پشتگیریمان بۆ هەموو ماف و داوا ڕەواكانی كرێكاران دەكەینەوە، دامەزراوە و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستانیش لەسەریانە لە چوارچێوەی یاساكاندا ڕەچاوی ژیان و گوزەرانی كرێكارانی كوردستان بكەن، هەوڵی باشتركردنیان بدەن و چاودرێریی خێزانی ئەو كرێكارانە بكەن كە لە كاتی كاركردندا گیانیان لە دەست داوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
1ی ئایاری 2022