نێچیرڤان بارزانی، به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ كرد

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ كرد، لەبەشێکی پەیامەکە هاتووە، با جه‌ژن بۆ هه‌مووان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ببێته‌ مايه‌ى خێر و خۆشى و كردنه‌وه‌ى ده‌رگايه‌كى ئاسووده‌يى و ئارامى و سه‌قامگيرى.

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

 

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو موسڵمانان له‌ كوردستان، عيراق و جيهان پيرۆز ده‌كه‌م. هيواى جه‌ژن و پشوويه‌كى ئارام و ئاسووده‌ بۆ هه‌مووان ده‌خوام.

 

جه‌ژن له‌ كاتێكدا‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دۆخى عيراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى پێويستى به‌ مانا و به‌هاكانى جه‌ژنه‌ له‌ لێبورده‌يى، ئاشته‌وايى، به‌خۆداچوونه‌وه‌ و پێكهاتنه‌وه‌یه‌. بۆيه‌ با هه‌موومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاريكارى و لێكگه‌يشتن، تا له‌سه‌ر ئاستى عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ست، قه‌يران و ئاڵۆزييه‌كان تێپه‌ڕێنين و قۆناغێكى تازه‌ى پێكه‌وه‌يى ده‌ستپێ بكه‌ين، ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان بپارێزين.

 

له هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ پێكه‌وه‌يى، ته‌بايى و يه‌كڕيزييه‌‌. بۆيه‌ داوا له‌ پارتى و يه‌كێتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و هه‌موو لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان ده‌كه‌م جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌يه‌ به‌لاوه‌ بنێن، خۆيان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى ميديايى و يه‌كترشكاندن بپارێزن. پێكه‌وه‌، يه‌كڕيز و ته‌با، هاريكار و هاوئاهه‌نگ بن تا له‌سه‌ر ئاستى عيراقيش پێگه‌ و ڕۆڵ و كاريگه‌رييان هه‌بێت.

 

با جه‌ژن بۆ هه‌مووان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق ببێته‌ مايه‌ى خێر و خۆشى و كردنه‌وه‌ى ده‌رگايه‌كى ئاسووده‌يى و ئارامى و سه‌قامگيرى. جه‌ژن له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

 

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردسان

2022/5/1

Back to top button