بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی قوتابییه‌ ئاواره‌كانی شنگال و سنوونێ درا

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بڕیارێكی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی قوتابییه‌ ئاواره‌كانی شنگال و سنوونێ دا كه‌ بەهۆی دۆخی ئێستای شەنگال و سنوونێ روويان له‌ پارێزگاى دهۆك كردووه‌

د.ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عيد، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ راى گه‌ياند،” بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی لە سنووری قەزای شەنگال هەیە، بەتایبەت ناوچەکانی (سنونێ و خانەسوور و دووگر)، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەو قوتابیانەی کە لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووە بریاری تازە دراوە.

راشيگه‌ياند، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆک و پەروەردەی شەنگال راسپاردراون، کە ئەو قوتابیانەی سەر بە قوتابخانەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن ئێستا لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە وە لەکەمپەکان یان دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن دەتوانن لە قوتابخانەی ناو کەمپەکان و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە خۆیان تۆمار بکەن و تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان نمرەکانیان لە رێگای بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆکەوە دەچێتەوە قوتابخانەکانی خۆیان.
هەروەها ئەو قوتابیانەی کە بەهۆی دۆخی ئێستایان ئامادەسازنین بۆ تاقیکردنەوە دەسەڵاتی تەواو دراوە بە بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک لە کاتێکی دیکەی گونجاو تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەن بەجۆرێک هیچ قوتابییەک لەو قوتابیانە نابێت مافیان بفەوتێت بەهۆی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە.

د. ئاڵان حەمەسەعید باسی ئەوەی کردووە، بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدرال. پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە سەبارەت بەو قوتابیانەی کە ئێستا لەگەڵ خانەوادەکانیان ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە و سەر بە قوتابخانەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالن، هاتووە”داوام لێکرد هەموو رێکارێکی گونجاو بگرنە بەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە پارێزراو بێت، وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدرال بەڵێنی دا کە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەینەوا رادەسپێرن کە هاوشێوەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێن و تیمێکی کارکردن دروست بکەن بۆ ئەو بابەتە و دڵنیایی دا کە هەموو رێکارێکی گونجاو دەگرنە بەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە نەفەوتێت”.

Back to top button