خواكوڕك: ناوەرۆكی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی بڵاو دەكاتەوە

خواكوڕك

لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتەیەكی بەخێرهێنان لەلایەن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادوەرانەوە، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا جیا لە پیرۆزباییكردن بۆ كردنەوەی باڵەخانەی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆك، هەروەها تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی هەنووكەیی ناوچەكە و عیراق و هەرێمی كوردستان.

لە وتەكەیدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی، “دروستكردنی باڵەخانەیەك بۆ ئەو كارەی كە دەكرێت زۆر گرنگە و زەرووریشە بۆ ئەو كارەی كە تێیدا ئەنجام دەدرێت. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە ئایا ئەو كارە چۆن جێبەجێ دەكرێت؟ كاری دادگا چۆن بەڕێوە دەچێت؟ دروستكردنی هەر وڵاتێك لەسەر سێ كۆڵەگەی سەرەكییە، یەكێكیان دامەزراوەكانی دەوڵەتن، ئەوەی دیكەیان سەروەریی یاسایە و ئەوەی دیكەش پرسی دیموكراسی و میدیا و ئازادی ڕادەربڕینە. لە سیستەمی هەر وڵاتێكدا ئەگەر بەڕاستی سەروەریی یاسا هەبێت، هەردوو لایەنی دیكە كە دەزگاكانی دەوڵەت و دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕینە، زۆر بە ئاسانی دەپارێزرێن.”

هەر سەبارەت بە دامەزراوەییی دەوڵەت بەڕێزیان گوتی، “بەداخەوە ئێمە وەك پێویست خاوەن دامەزراوەی دەوڵەت نین، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە ئێمە هەوڵمان بۆ نەداوە. دامەزراوەكانی دەوڵەت فەرهەنگە، پرۆسەیەكە بە هێمنی و لەسەرەخۆ بە ئەنجام دەگات و ساڵانی زۆری پێویستە. هەندێك وڵات لەوانەیە پەنجا ـ شەست” یان سەد ساڵیان تێپەڕاندبێت تاكو توانیویانە بڵێن ئێمە دامەزراوەی دەوڵەتمان هەیە. گەلی كورد هیچ كاتێك ئەو دەرفەتەی نەبووە خۆی دەسەڵاتی خۆی بەڕێوە ببات، دوای ساڵی 1991 ئێمە لە دەسەڵاتێكی پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕییەوە هاتووین بۆ دەسەڵاتێكی مەدەنی و بەرە ـ بەرە هاتووینەتە پێشەوە. ئەوەی كە هەیە دوای ساڵی 2004 دەستی پێكردووە، ئاوەدانكردنەوە و كاركردن دوای ئەو ساڵە دەستی پێكرد.”

سەبارەت بە ڕەوشی دادوەری لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی له‌ پارێزگای دهۆك، بەڕێزیان گوتی، “لێرەدا دەمەوێت شتێك بڵێم، هەموو كاتێك دادوەر و داواكار و پارێزەرانی دهۆك جێگەی ڕێز بوونە كە لە بارودۆخی زۆر ناخۆشدا كارەكانیان ئەنجامداوە. ناڵێم كارەكانیان ئاسان بووە، بەڵكوو كارەكانیان زۆر زەحمەت بووە و دەستوەردان لە كارەكانیاندا هەبووە و زۆر جار لەوانەیە دەرفەتیان پێنەدرابێت، هەموو كات هەوڵیانداوە، تا بۆیان كرابێت سەروەریی یاسایان لە كوردستان و بەتایبەتی لە دهۆك پاراستووە. دوای بەكۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی بەریتانیا پرسیاری كردووە كە بارودۆخی یاسا چۆنە، كە وەڵامیان داوەتەوە بارودۆخی یاسا باشە، گوتوویەتی ئەم وڵاتە پێشدەكەوێت و بەردەوام دەبێت. مانای ئەم قسەیە ئەوەیە ئەگەر لە وڵاتێكدا بەڕاستی یاسا سەروەر بێت، وڵاتەكە پێشدەكەوێت و بەردەوام دەبێت.”

دەربارەی جێبەجێكردنی سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستان، سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە “مەسەلە شەخسییەكان نابێت ببنە پێوەر بۆ هەندێك بڕیار چونكە دادوەر دەبێت بە ویژدانی خۆی بڕیار بدات. پێویستە دەزگاكانی دیكەی وەك پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە و حزب هاوكاری دادگاكان بن. سەروەریی یاسا شتێك نییە بتوانرێت بە شەو ڕۆژێك جێبەجێ بكرێت. گەر ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و هەموو دەزگاكانی دیكە هاوكار نەبن، هیچ كاتێك سەروەریی یاسا جێبەجێ نابێت. ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەو دامەزراوانە بەرە ـ بەرە دروست دەبن، بەڵام پێویستییان بە كاتە. من ناڵێم سەروەری یاسا لە كوردستان تەواوە و هیچ كێشەیەكی نییە، بێگومان ئێمە كێشەمان هەیە، بەڵام شتی گرنگ ئەوەیە لە مەسەلەی دادوەریدا بەراوردی ئەمڕۆ لەگەڵ پێش پێنج یان دەساڵی ڕابردوو بكەین كە ئایا ئێمە پێشكەوتووین یان پاشەكشەمان كردووە؟ گەر ببینین پێشكەوتنمان بەدەستهێناوە، پێویسته‌ خۆشحاڵ بین و بەردەوامی بدەینە ئەو ئامانجەی كە یاسا سەروەر بێت” ئەگەرنا پێویستە بەخۆماندا بچینەوە.”

بەڕێزیان سەبارەت بە سەروەریی یاسا و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان گوتی، “ئەوەی ئێستا ئێمە لە كوردستاندا دەیبینین، بەداخەوە خاوەنی ئەو سەروەریەی پێویستی یاسا نین وەك هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو لەم بوارەدا. ئەمە ڕاستییەكە، بەڵام پێویستە هەمانبێت و كاری بۆ بكەین. ئێمە لە كوردستان یەك شتمان هەیە كە ئەویش دیموكراسییه‌كی سەقەته‌ و هەر كەسێك بییەوێت هەر شتێك بڵێت جا درۆبێت ڕاست بێت، دەرفەت هەیە لە هەر ڕۆژنامەیەك یان كەناڵێكی تەلەڤزیۆن دەتوانێت بیڵێت و هیچ لێپرسینەوە و سنوورێكی بۆ نییە كە ئایا لە بنەمادا ئەو هەواڵە ڕاستە یان درۆیە؟، هیچ حسابێكیان لەسەر نییە و هەر شتێكی بیانەوێت دەیڵێن و دەیكەن، سەریان لە خەڵك شێواندووە و ناتوانن ڕاست و درۆ لە یەكتری جیا بكەنەوە و گوێ بەكام هەواڵ بدەن و كامیان باوەڕ بكەن. ئەمەش لە ئەنجامی چی دروست بووە؟ لە ئەنجامی ئەوە دروست بووە كە هیچ چاودێری و لێپێچینەوە نییە و هیچ حەق و حسابێكیان لەگەڵ ناكرێت، بۆیە بە كەیفی خۆیان هەر شتێكی بیانەوێت دەیڵێن.”

لە بەردەوامیی وتەكەیدا لەبارەی ئەو دیموكراسییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە گوتی “من ئەو شتانە بە ئاسایی سەیر دەكەم چونكە ئێمە لە قۆناغێكی ڕاگوزەرداین، ئەو قۆناغە ڕاگوزەرەی هەر گەلێك كە بەرەو دروستبوون دەچێت، بەرە ـ بەرە كاتی دەوێت تا جێگای خۆی دەگرێت و لەوانەیە ئەو قۆناغە كاتێكی زۆریش بخایەنێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەموومان لەسەر ئەو ڕێگەیە بڕۆین كە بمانەوێت سەروەریی یاسا جێبەجێ بكەین.”

سەبارەت بەو سێ ساڵە سەختانەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕی، بەڕێزیان ڕایگەیاند، “ئێمە سێ ساڵی سەختمان لە 2014ه‌وه‌ تا ئێستا بەڕێكردووە و باوەڕناكەم لە كوردستان ئەو تەحەدیاتانەی بینیومانە لەو سێ ساڵە گرانتر و ناخۆشتر بووبێت و لەمبارەیەشەوە بەتایبەتی دەمەوێت ئاماژە بە بارودۆخی پارێزگای دهۆك بكەم. گەر سەیری بكەین هەر دوای ساڵی 2014 كاتێك بەشە بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە لە مانگی شوباته‌وه‌ بڕدرا، كێشەكانمان لەو كاتەوە دەستی پێكرد و بەهانەی بەغداش ئەوە بوو كە ئێمە نەوتمان هەناردە كردووە بۆ دەرەوە بۆیە بودجەیان بڕیوە، بەڵام ئەمەیان ڕاست نییە، ئێمە لە مانگی 5ی 2014 بە ناچاری نەوتمان هەناردەی دەرەوە كردووە نەك مانگی دوو، ئەوان مانگی دوو بەشە بودجەكەیان بڕی، كاتێك مانگی دوو چووینە بەغدا و دانوستانمان لەگەڵیان هەبوو، ڕووبەڕووی شۆك بووینەوە كە بەشە بودجەی ئێمەیان بڕیوە. كاتێك پرسیارمان كرد، وەزیری ئەوكاتی داراییی عیراق گوتی: بە بڕیاری سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزی چەكدارەكانی عیراق ئەو بڕیار دراوە و ئەمەش وەك هەڕەشەیەك بوو.”

دەربارەی شۆكەكانی دیكەی ئەو قەیرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە ئاماژەی بەوە دا كە “تەحەدای دووەم پرسی هاتنی تیرۆرستانی داعش بوو كە زەبرێكی گەورەی لە پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە و پێكەوەژیانی كوردستان و دەڤەرە كوردستانییەكان دا، لەو شەڕەدا تا ئێستا نزیكەی 1700 شەهید و نزیكەی 10000 بریندارمان داوە، ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ هەمانە و توانیومانە ناوچەكان بگەڕێنینەوە، لەسایەی خوێنی ئەو شەهیدانە و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان و خەباتی ئەو دەزگا ئەمنیانەیە كە شەو و ڕۆژ لە هەوڵدا بوون وەك ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی دیكە و پاراستن بۆئەوەی ڕەوشی هەرێمی كوردستان بە ئارامی و هێمنی بمێنێتەوە، ئەمەش كارێكی ئاسان نەبوو بەڵكو زۆر سەخت بوو. دابەزینی نرخی نەوتیش كێشەیەكی یەكجار گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرد، هاتنی زیاتر له‌ ملیۆنێك و هه‌شتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان باری هەرێمی هێشتا قورستر كرد.”

دەربارەی تێگەیشتنی خەڵكی كوردستان بۆ ئەو قەیرانەی كە ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، بەڕێزیان گوتی، “باوەڕ بكەن هیچ وڵاتێك لە جیهان نییە گەر خۆڕاگری و تێگەیشتنی گەلەكەی نەبێت، بتوانێت بەرگەی ئەم هەموو كێشانە بگرێت، بەڵام ئەو تێگەیشتنەی كە گەلەكەمان بۆ بارودۆخەكە هەیبوو جێگەی ڕێز و پێزانینە، هیچ حكوومەتێك ناخوازێت دەستكاری مووچە یان هەر شتێكی گەلی خۆی بكات، ئەوەی كە ئێمە كردمان لە ناچاری ئەنجاممان دا، بۆیە هیچ وشەیەك نییە بۆ سوپاسكردن و دەستخۆشیكردن لە گەلی كوردستان، هەر دەستەڵاتێكیش گەر میللەتەكەی تێگەیشتنی بۆ بارودۆخی وڵاتەكەی نەبێت، دەسەڵاتەكە بەردەوام نابێت. ئێمە سوپاسی گەلی خۆمان دەكەین بۆ ئەو تێگەیشتنە. سوپاسی ئەو شوفێرانه‌ی تەكسی له‌ دهۆك دەكەین كە خۆم بیستوومە كاتێك ئەم قەیرانە هاتە پێشەوە، لەسەر تاكسییەكانیان نووسیبوویان بۆ پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بێ بەرامبەرە، ئەم گەلە ناكەوێت و لەناو ناچێت، ئیرادەیەكی بەهێز و پۆڵایینی هەیە. كاتێك لە ساڵی 2014 ژمارەیەكی زۆری ئاوارە ڕوویان لە پارێزگای دهۆك كرد كە ژمارەیان 726000 ئاوارەیە، ئێمە لەو باوەڕەدا بووین كێشەیەكی زۆر گەورە دروست دەبێت، بەپێچەوانەوە خەڵكی ئێمە لە دهۆك منداڵانی خۆیان لە خوێندن بێبەش كرد و دەرگای قوتابخانەكان و مزگەوتەكانی بۆ خوشك و برایانی ئێزدی و ئەوانی دیكە كردەوە، ئەگەر ئەم ئیرادەیەی خەڵك نەبوایە و بەیەكەوە ئەو كارەیان نەكردبا، دوای سێ ساڵ بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە نەدەبوو.”

سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای هەرێمی كوردستانیش گوتی، “ئێستا دەتوانین بڵێین دوای سێ ساڵ و لە سایەی خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی پێشمەرگە ئازیزەكان، بەرە ـ بەرە بارودۆخەكە باشتر دەبێت، ئەو ناوچانەی كە داعش داگیری كردبوون زۆربەیان گەڕێنرانەوە و ئازاد كراون، داعش ڕووبەڕووی شكستێكی زۆر گەورە بووەتەوە لە مووسڵ و لەوانەیە لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتاییان بێت لەو شارە، بەمەش دەرگایەكی دیكە ئابووری دەكرێتەوە و بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان باشتر دەبێت، ڕاستە تەحەدیاتی گەورەمان لەپێشە، بەڵام باوەڕتان بێت بۆ ئێمە دەرفەتێكی مێژووییە هەندێك چاكسازیی بنەڕەتی لەم وڵاتە ئەنجام بدەین. لەوانەیە ئەمڕۆ ئەنجامی چاكسازییەكان نەبینین، بەڵام بێگومان لە داهاتوویەكی دوور نا، ئەنجامەكەی دەردەكەوێت كە ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە جددی دەستی بەو چاكسازییانە كردووە و جێبەجێی دەكات.”

لە بەردەوامیی قسەكانیدا به‌ڕێزیان گوتی، “باوەڕمان وایە بارودۆخی ئێمە لە ساڵی 2017 دا باشتر دەبێت، لەلایەنی داراییەوە هەندێك بڕیارمان داوە. لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیارمان داوە دەست بە دانی ئیستحقاقی مقاولاتەكان بكەین كە بەهۆیەوە 3600 پڕۆژە وەستاوە. ئێستا خەریكین قەرزێك له‌ توركیا وەرگرین بۆ ئەو كۆمپانیایانەی كە توركی و ناوخۆن و بە یەكەوە كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن جارێكی دیكە دەست بە پڕۆژەكانیان بكەنەوە. دەمەوێت بڵێم ئێمە سێ ساڵی زۆر سەختمان بەڕێكرد و بەرەو پاشەڕۆژێكی ڕووناك دەڕۆین و نامەوێت چاوەڕوانییەكان زۆر بەرز بكەمەوە كە ڕەوشەكە زۆر باش دەبێت، بەڵام ئەو قۆناغە سەختەی لەلایەنی داراییەوە هاتۆتە پێش، بەرەو كۆتایی دەڕوات.”

دەربارەی ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بەوە دا كە “بەداخەوە ڕەوشێكی ناخۆشی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پێش ساڵێك و هەندێك دروست بوو و زۆر پێمان ناخۆش بوو، بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێم كە ئەولەویەتی كارەكانمان ساڵێك دووساڵ پێش ئێستا شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بوو، ئەوە نەبوو چ ماددەیەكی یاسایی دروستە یان هەڵەیە، یان ئەو شەڕەی لەناو پەرلەماندا یەخەی گرتین، بابەتی سەرەكیی ئێمە ئەوە بوو چۆن بەیەكەوە بەرگری لەخۆمان بكەین دژی ئەو داگیركارییەی تیرۆرستانی داعش لە گەله‌كه‌مان ده‌ستی پێكرد. ئەمڕۆ ئەولەویەتی كارەكانمان گۆڕاوە و بە هەموو هێزێك هەوڵ دەدەین ڕێگەچارەیەك بۆ ئەو پرسە سیاسیانەی كە هەن بدۆزینەوە و ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە.”

سەبارەت بەو كێشەیەی لە نێوان پێشمەرگەی ڕۆژ و چەكدارانی پەكەكە دروست بوو، بەڕێزیان گوتی، “خاڵێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم ئەو كێشەیەی كە لە نێوان پێشمەرگەی ڕۆژ و چەكدارانی پەكەكە لە سنوون و خانەسۆرێ دروست بووە، هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەم بابەتە زۆر ئاشكرا و ڕاشكاوانەیە. كاتێك برایانمان لە سووریا پێویستییان بە هاوكاریی ئێمە هەبوو، پێشمەرگەمان نارد و هاوكاریمان كردن بۆ ڕزگاركردنی كۆبانێ. كاتێك ئەركی ئێمە لە پرسی ڕزگاركردنی كۆبانێ و گوندەكانی دەوروبەری بەكۆتا هات، پێیان گوتین ئەركەكانتان تەواو بووە گەر بگەڕێنەوە، ئێمەش وتمان زۆر سوپاس، مادام ئەركەكەمان بەكۆتا هاتووە، گەڕاینەوە و پێداگیریمان لەسەر ئەوە نەكرد كە پێویستە لە كۆبانێ و گوندەكانی دەوروبەری بمێنینەوە. ئێمە هەمان شت لەوان چاوەڕوان دەكەین، ئەوان لە سەرەتای ساڵی 2014 هاوكاریی خەڵكی ئێمەیان كردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە پێویستە لەو دەڤەرە بمێننەوە، هەبوونی پەكەكە لە دەڤەری شەنگال دەبێتە هۆكاری ئەوەی نائارامی لەو ناوچەیە دروست ببێت و ئاوەدان نەكرێتەوە. ئێمە پێمان وایە ئەوەی كە ئێمە و پێشمەرگەكانمان لە كۆبانێ ئەنجاممان دا، پێویستە ئەوانیش لە دەڤەری شەنگال ئەنجامی بدەین. نە ئێمە حەزمان لە شەڕە و نە نیەتێكی واشمان هەیە و نامانەوێت شەڕ لەگەڵ هیچ كەسێك بكەین، بەڵام دەمانەوێت شەنگال ئاوەدان ببێتەوە، خەڵكی ئێمە بگەڕێتەوە سەر شوێنی خۆی و وڵاتەكەمان بە خۆشی ئاوەدان ببێتەوە.”

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی باڵەخانەی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆكی كرد و گوتی “دەستخۆشییەكی تایبەت لە كۆمپانیای هێژا دەكەم كە ئەو باڵەخانەیان دروست كردووە و سوپاسیان دەكەم بۆ ئەو كارەی كە كردوویانە و هەندێك ئیستحقاقیان لای حكوومەت ماوە نەمانداوە، بەڵام لە داهاتوودا دەیاندەینێ. گرنگ ئەوەیە ئەوان لەسەر ئەوە نەوەستان كە ئایا ئێمە ئیستحقاقەكانیان دەدەینێ یان نا، ئەوان لەسەر كاری خۆیان بەردەوام بوون و ئەنجامیاندا و دەستخۆشییان لێ دەكەم و سوپاسیان دەكەین و كارێكی باشیان ئەنجامداوە كه‌ جێگەی دەستخۆشی و پێزانینن.”

لە كۆتاییی وتەكەیدا بەڕێزیان گوتی، “هیوادارم دەستپێكردنی كارەكانتان لەم باڵەخانەیەدا ببێتە هۆكارێك بۆ زیاتر جێبەجێكردنی سەروەریی یاسا و بە باوەڕەوە دەڵێم لە پارێزگای دهۆك تا ڕادەیەكی باش پێش ئێستا و ئێستاش زۆر بە جددی هەوڵ بۆ سەروەریی یاسا دراوە و لەسەر ئەم پرسە كار كراوە و ڕێگە نەدراوە سەروەریی یاسا پێشێل بكرێت. داوا لە دەزگاكانی دیكەی ئەمنی و پۆلیس و حزب دەكەم هاوكارتان بن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.”

Back to top button