كەمپی مەخمور وەك كەمپی سەربازی رادەگەێنرێت و چیتر لەژێر چاودێری یوئێن نابێت
خواكوڕك
پاش ئەوەی نوێنەری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی كەمپی مەخموری كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ئەو كەمپە كۆبۆوە، هۆشداری پێدان لەوەی خۆیان وەكو كەمپی ( پەنابەران یان سەربازی) بناسێنن، تاوەكو ئێستا بەرێوەبەری ئیداری ئەو كەمپە وەڵامی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی نەداوەتەوە، لەوەی كەمپەكەیان وەك كەمپی پەنابەران بناسێنن و ئیدارەی و ئاسایشی ئەو كەمپە رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن”.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەخواكوڕكی راگەیاند، وادەی دیاری كردنی خۆناساندنی ئەو كەمپە كۆتایی پێهاتووە، تاوەكو ئێستا ئیداری ئەو كەمپە كەلەلایان گەریلاكانی پەكەكەوە دەكرێت، وەڵامی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیان نەداوەتەوە، ئامادەش نین خۆیان وەك كەمپێكی ئاوار لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بناسێنن، بۆیە ئەگەری هەیە دوا بریار لەسەر ئەو كەمپە دەربچێت و بەكەمپێكی سەربازی رابگەێنرێت، ئەوكاتەش رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاری خۆی بۆ ئەو كەمپە رادەگرێت و بە كەمپی سەربازی رایدەگەێنێت”.
سەرچاوەكە گوتیشی هۆكاری ئەوەی كە تاوەكو ئێستا بەرێوەبەرانی ئەو كەمپە بێدەنگن لە وەڵامی رێكخراوەكە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، كە چەندین گروپی چەكدار و گەریلای پەكەكە لەو كەمپە خەریكی مەشق و راهێنانی سەربازین، سەرچاوەیەكیش لەكەمپی مەخمور كە خۆی ئاوارەی باكوری كوردستانە و لەو كەمپە دایە، دەلێت پێویست ناكات پەكەكە ئەو كەمپە بۆ مەرامی سیاسی و عەسكەری بەكار بهێنێت، چونكە زیاتر لە 15 هەزار كەسی تێدا دەژێت بە ( پیر و منداڵ و ژن و گەنج)”.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لەترسی پەكەكە، گوتی پێویستە پەكەكە واز لە كەمپەكە بهێنێت و خەڵكی كەمپ دووچاری ئەو ئازارە دەربەدەریە نەكاتەوە، چونكە هەموو خەڵكی كەمپی مەخمور لەبەر خاتری پەكەكە هەڵاتوون، وە لەهەموو چاڵاكیە مەدەنیەكاندا یارمەتی و هاوكاری پەكەكە، بۆیە دەبێت پەكەكە رەچاوی دۆخی ناڵەباری خەڵكی كەمپەكە بكات، هەروەها دەلێت خەڵكی كەمپی مەخمور لەبەر ترس لەپەكەكە دەنا نارەزایەتیەكی بەرفرەوان لەلایان كەمپی مەخمور بەرامبەر بە پەكەكە هەیە”.