سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌لژيكا كۆبووه‌وه‌‏

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/5/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏‏پێشوازى له‌ به‌ڕێز فيليب ڤاندین بولك، باڵيۆزى به‌لژيكا له‌ ئوردن و عيراق كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كورستان له‌گه‌ڵ ‏‏به‌لژيكا، ڕۆڵى به‌لژيكا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا، دوا ‏‏په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى پرۆسه‌ى سياسيى عيراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ‏‏تاوتوێ كران.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى ‏‏هاوبه‌ش كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و ‏‏هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى عيراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ش عيراق پێويستى به‌ ‏‏به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.‏

به‌ڕێز باڵيۆزى به‌لژيكا سوپاس و پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ ‏‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربرى و دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ ‏وڵاته‌که‌ی وه‌ک هاوبه‌شێکى پابه‌ند به‌ پشتگیریی عیراق و هه‌رێمی کوردستان ‏ده‌مێنێته‌وه‌. ‏

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان ‏بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانینی هه‌رێمى ‏كوردستانى بۆ پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى به‌لژيكا له‌ ‏شه‌ڕى دژى تيرۆردا، جه‌ختی ‏له‌ پێویستیی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ کردوه‌ ‏به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی بۆشاییی ئه‌منییان هه‌یه‌.‏

دۆخی شه‌نگال و ئاواره‌بوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌ ئه‌نجامى پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كان، ‏ئه‌رک و کاره‌کانی یوونیتاد له‌ عیراق، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و گرنگیی ‏گفتوگۆ بۆ لێکگه‌یشتن، پرسی ئازادییه‌کان و ئازادیی ڕاده‌ربڕین، په‌تای کۆڤید_١٩ و ‏کاریگه‌رییه‌کانی، دوا پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و پێكدادان له‌ ئۆكراينا و لێکه‌وته‌کانی، ‏دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌حه‌دییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ‏كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

 

Back to top button