محەمەدی حاجی مەحموود بۆ وەزیری نەوتی عێراق: دەستووری عێراق مافی بە كورد داوە.. بڕیارەكانت لە ژوورەكەی خۆشت پێ جێبەجێ ناكرێ

محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە توندی وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەو هەڕەشانەی لە هەرێمی كوردستانیان دەكات، حكوومەتەكانی پێشووی عێراقیان بیر هێناوەتەوە. ده‌شلێت: هه‌ندێك دەنگی ناساز بەناوی ڕۆژنامەنووسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا دەكەن.

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، 9-5-2022، محەمەدی حاجی مەحموود، لە په‌ڕه‌ى تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بابه‌تێكى له‌ وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق بڵاو كردۆته‌وه‌ و راى گه‌ياندووه‌، “ڕۆژی شەممە 7-5-2022 ئیحسان عەبدولجەبار ناوێک گوایە وەزیری نەوتی عێراقە، لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتەکەی کۆمەڵێک قسەی کرد، زۆری لە وڕاوە ئەچوو ئەم وەزیر و گزیرانە قورمیش ئەکرێن کە چی بکەن و چی بڵێن؟ ئەویش قسە کۆنەكانی دادگا عەرەبییەکەی بەغدای جوییەوە گوایە 75 ڕۆژ نەرمی نواندوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم وەڵامی ئەرێنی نەبووە، بۆیە ئەویش بڕیاری داوە بڕیارەکانی دادگا جێ بەجێ بکات”.

سكرتێری پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان راشيگه‌ياندووه‌: “من بەم وەزیرە دەڵێم زۆر دڵنەرم و میهرەبانی نواندوە و خێری بە کورد کردووە، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە قسە و هەڵسوکەوتەی عێراق، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقمان بیر دەخاتەوە، بە تایبەتی ڕژێمی سەدام حوسێن و حزبی بەعس، بەڵام لە ڕژێمێکی لاواز ڕەنگە ئەم وەزیرە لە ژوورەکەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەکانی جێبەجێ بکات”.

باسى له‌وه‌ش كردووه‌:” وەزیری نەوتی عێراق بە زمانێكی زبر هەڕەشە لە كوردستان دەكات، لە كاتێكدا عێراق و سەروەرییەكانی لە ژێر پۆستاڵ و مووشەك و رەحمی هەواڵگریی وڵاتاندایە، ئەویش دەیەوێ لەسەر كورد جارێكی دیكەش خۆیان تاقی بكەنەوە.

محەمەدی حاجی مەحموود هه‌روه‌ها نووسیویەتی: “هەندێك دەنگی ناساز بە ناوی ڕۆژنامەنووسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا دەكەن، وەك تابووری پێنج باسی گەڕانەوە بۆ عێراق دەكەن، دەیانەوێ هەموو شتەكان بۆ عێراق بگەڕێتەوە، ئەم گێلەپیاوانە هەمیشە چاویان لە ئێسقانە، بە چ هەقێك ئەو قسە حەلەق و مەلەقانە دەكەن؟ ئەوانە رەنگە بە ناسنامە كورد بن، بەڵام دەبێ بزانن نە دادگای فیدرالی دادگایە و نە بڕیارەكەش جێبەجێ دەكرێت، چونكە كورد ناگەڕێتەوە خاڵی سفڕ، بەڵكوو كورد دەبێ هەنگاوی تر بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای خۆی بنێت”.

هاوكات كاكه‌ حه‌مه‌ داوا دەكات، هەرێمی كوردستان لەسەر سیاسەتی نەوت و غازی خۆی بەردەوام بێت و پاشەكشە نەكات، “دەبێت وەڵامی توندی هەر كەس و لایەنێك بداتەوە كە بە جۆرێكی ناڕەوا لەسەر ئەم بابەتە قسە دەكەن، چونكە دەستووری عێراق ئەو مافەی بە كورد داوە و هیچ كەسێك ناتوانێت لێی بسەنێتەوە”.

هاوكات پرسیاری ئەوەی كردووە، دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆچی ئەنجوومەنی فیدرالی یان ئەنجوومەنی پارێزگاكان دانامەزرێنن كە دەستوور بڕیاری لێداوە؟ بۆچی ئەو هەموو تاوانە راناگرن كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە دژی كورد دەكرێت؟ “قسەكانی ئەو وەزیرە هەڕەشەی شەڕە، با ئەوانیش خۆیان تاقی بكەنەوە وەك حكوومەتەكانی پێش خۆیان، دڵنیام چارەنووسیان لەوان باشتر نابێت”.

محەمەدی حاجی مەحموود لە كۆتایی نووسینەكەشیدا  دەڵێ: “ئەوانەی ئێستا لە بەغدا فەرمانڕەوان، لەبیریان چووە كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان و هێزی پێشمەرگە بوون عێراقیان ڕووخان نەك ئەوان، تەنانەت زۆریان هەڵاتووی سەربازی بوون و لە دەرەوەی وڵات بە رادیۆ هەواڵی كوردستان و عێراقیان پێ دەگەیشت، بۆیە هەموو ئەوانە رەت دەكەینەوە، لایەنی پەیوەندیداریش بۆی نییە سازش لەسەر مافی رەوای خەڵكی كوردستان بكات، هەر هەنگاوێك خیانەتە لە مێژوو، لە كورد و قەوارەی سیاسیی ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستان”.

Back to top button