ده‌قی وته‌كانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ باره‌ی شه‌ش پرسی گرنگه‌وه‌

 

 

ده‌قی وته‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

 

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

 

به‌ڕێزان زۆر زۆر به‌خێربێن و رۆژتان باش..

 

له‌م ماوه‌یه‌ چه‌ندین بابه‌ت كۆبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ تیشكیان بخه‌ینه‌ سه‌ر و قسه‌ی پێویستیان له‌سه‌ر بكه‌ین.

 

هه‌وڵده‌ده‌م به‌ خێرایی باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ بكه‌م و دواتر رێگه‌ ده‌ده‌ین به‌پرسیار و له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانیش ئه‌گه‌ر پێویست بێت قسه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كه‌ین.

 

ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم داكۆكی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا ده‌كه‌ین. داكۆكی له‌وه‌ ده‌كه‌م هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا بكرێت و رێكاره‌ پێویسته‌كان، كه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پێویست بووه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا دوانه‌خرێت. ئه‌مه‌ش رێزگرتنه‌ له‌ پره‌نسیپه‌كانی دیموكراتی كه‌ بڕوامان پێیه‌تی. هیوادارم لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش بتوانن رێكبكه‌ون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا.

 

دواكه‌وتنی مووچه‌ له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان

 

لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌ خاڵێكی گرنگ بده‌م. له‌ ده‌ستپێكی كابینه‌وه‌ وتوومانه‌ حكومه‌ت، سه‌رتاسه‌رییه‌ و له‌ هه‌موو پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانه‌وه‌ ئه‌جێندای حكومه‌ت پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت. له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ داواكرا، ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ بكرێنه‌وه‌ بۆ حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان. ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان كردووه‌ و بڕیارمان دا ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ بكرێنه‌وه‌، حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بتوانن كاروباری خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و به‌رپرس بن له‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌جێندای حكومه‌تدا كاروباره‌كان به‌ڕێبكه‌ن.

مەسرور بارزانی

به‌داخه‌وه‌ وه‌كو پێویست له‌ هه‌موو پارێزگاكانه‌وه‌ و وه‌ك یه‌ك ئه‌جێندای حكومه‌ت جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. له‌ هه‌ندێك شوێن داهاتی ناوخۆ زیاد بووه‌، له‌ هه‌ندێك شوێنیش داهات نه‌ك زیاد نه‌بووه‌، به‌ڵكو كه‌میش بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌ی ئێستا باس ده‌كرێت.

 

داهاتی هه‌رێمی كوردستان سێ سه‌رچاوه‌ی هه‌یه‌:

 

یه‌كه‌م: داهاتی نه‌وته‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی رێژه‌ی دانیشتوان و میكانیزمی پێشوو، كه‌ له‌ كابینه‌كانی پێشتر ده‌ستنیشانكراوه‌، ئه‌و بڕه‌ داهاته‌ به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌رانه‌ به‌سه‌ر شوێنه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت.

 

دووه‌م: ئه‌و داهاته‌یه‌ له‌ حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ بۆمان دێت و ماوه‌یه‌كی زۆریش بۆمان نه‌هات و هێشتاش مانگانه‌ ده‌بێت داوای بكه‌ین، تا بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكرێت. ئه‌و داهاته‌ش دیاره‌ و به‌ گوێره‌ی رێكاره‌كانی پێشوو به‌سه‌ر ناوچه‌كان و مووچه‌خۆرانی كوردستاندا دابه‌ش ده‌كرێت.

 

سێیه‌م: داهاتی ناوخۆیه‌، كه‌ داهاتی نانه‌وتییه‌ و جێی پرسیاره‌ و خۆی له‌ داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كان و داهاتی رسوومات و باج و داهاته‌كانی دیكه‌ی ناوخۆ پێكدێت. ئه‌م داهاته‌ له‌ پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر زیادی كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ وه‌ك پێویست كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌. ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی پێویسته‌ بۆ كامڵكردنی مووچه‌ی هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران له‌و ناوچانه‌ دواده‌كه‌وێت یاخود بووه‌ته‌ جێی پرسیار.

 

لێره‌ حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه‌ بده‌م، وه‌ك حكومه‌ت و وه‌ك خودی خۆم كه‌س له‌ خۆمان به‌ خه‌مخۆرتر بۆ هاووڵاتیانی كوردستان نازانین. پابه‌ندین به‌وه‌ی هه‌موو مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵك و مووچه‌كانیان له‌ كاتی خۆیدا بۆ دابین بكرێت. ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێك كه‌مته‌رخه‌می كراوه‌ پێویسته‌ پرسیار بكرێت بۆ ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ هه‌یه‌.

 

هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ له‌ رۆژانی داهاتوو داوا له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌رپرسانی ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان ده‌كه‌م، بێن بۆم باس بكه‌ن، كه‌ ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌، ئایا كێشه‌كان، ناوچه‌یین، یاخود گشتیین، كێ به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ داهاته‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ كامڵكردنی پێدانی مووچه‌. ئێمه‌ دوای ئه‌وه‌ی قسه‌مان له‌گه‌ڵیان كرد، بێگومان به‌رچاوڕوونییه‌كی زیاترمان ده‌بێت و قسه‌ی زیاتریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

 

گرانی سووته‌مه‌نی و خۆراك

 

له‌ ماوه‌ی رابردوودا، به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا بێت، یاخود وشكه‌ساڵی و به‌م دواییه‌ش، له‌ دوای شه‌ڕی ئۆكرانیا و رووسیا، نرخی كاڵاكان و خواردن له‌ ئاستی جیهاندا به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر زیادبوونی نرخی ئه‌و كاڵایانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیشدا. بۆ ئه‌مه‌ چه‌ندین هۆكار هه‌بووه‌. وه‌ك ئاماژه‌م پێدا، ئه‌و كێشانه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك و بازرگانان زۆرتر پێداویستییه‌كان به‌ده‌ست بهێنن. ته‌نانه‌ت به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نیش كه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی كاڵاكان، وایكردووه‌، نرخ به‌ گشتیی له‌ جیهاندا به‌رز بێته‌وه‌ و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش كاریگه‌ری هه‌بووه‌.

 

ئێمه‌ چه‌ندین رێككارمان گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و فشار و په‌ستانه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر هاووڵاتیان و حكومه‌ت پشتیوانیان بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو بتوانین ئیداره‌ی ئه‌و پرسانه‌ بكه‌ین و ئێمه‌ هاوخه‌می خه‌ڵكی خۆمانین و هه‌میشه‌ له‌ بیری ئه‌وه‌داین چۆن بتوانین ئه‌و فشارانه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.

 

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نرخی كاره‌بامان بۆ نانه‌واخانه‌ و فڕنه‌كان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م هاووڵاتیان نرخی نانیان زۆر له‌سه‌ر گران نه‌بێت. له‌ هاورده‌كردنی مادده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆراك لێخۆشبوونی گومرگی كراوه‌ و رێژه‌ی گومرگ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌. له‌ لایه‌ن حكومه‌تیی فیدراڵیش بڕیارێكی وا هه‌بوو، كه‌ ماوه‌یه‌ك لێخۆشبوون هه‌بێت و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین ئه‌و ماوه‌یه‌ درێژ بكرێته‌وه‌، لانیكه‌م لای خۆمانه‌وه‌ ماوه‌كه‌ درێژ بكه‌ینه‌وه‌. بۆ هاوكاریكردنی بازرگانانی خۆمان و ئه‌وانه‌ی پێداویستی سه‌ره‌كی خۆراكی هاووڵاتیان هاورده‌ ده‌كه‌ن و داواش ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی پێیان ده‌كرێت پێداویستی هاورده‌ بكه‌ن.

 

هه‌روه‌ها یارمه‌تی ئه‌و خاوه‌ن كۆگایانه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان هه‌ڵده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی وابكه‌ین هاووڵاتیان دڵنیا ببنه‌وه‌ له‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو رێككارێك ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ریان سه‌باره‌ت به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئه‌و جۆره‌ پێداویستیانه‌.

 

له‌ باره‌ی سووته‌مه‌نیشه‌وه‌ ئێمه‌ بڕیارێكی له‌و جۆره‌مان داوه‌، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێویسته‌ بۆ هاووڵاتیان هاورده‌ بكرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی و له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ش به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین نرخی سووته‌مه‌نی كه‌مبكه‌ینه‌وه‌.

وزه‌ و په‌یوه‌ندی هه‌ولێرو به‌غدا

 

مەسرور بارزانی

له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیی پێشووتریش له‌ باره‌ی یاسایی بوونی ئه‌و پرسه‌ قسه‌مان كردووه‌. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكجار قسه‌ی ناڕاست ده‌كرێت، گوایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌، یان وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی چاره‌سه‌ر. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بووین له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی بێت.

 

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ روونمان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بڕیاری تاكلایه‌نانه‌، كه‌ پێشێلی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكات، جێگه‌ی په‌سند نییه‌. هیچ كه‌سێكیش له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نی حزبی و تاكه‌ كه‌س مافی نییه‌ بڕیار له‌ جیاتی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بدات. له‌ ده‌ستووردا مافی ده‌ستووری خه‌ڵك دیاریكراوه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێشێلكردنی په‌سند نییه‌ و ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییانه‌ی ده‌سته‌به‌ری ئه‌و مافانه‌ ده‌كه‌ن ده‌بێت وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن.

 

له‌ باره‌ی وزه‌ و دۆسیه‌ی نه‌وت و غازدا ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین. پێم سه‌یره‌ ده‌وترێت حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی نه‌بووه‌! ته‌نانه‌ت به‌م دواییانه پێشنیازمان پێگه‌یشتووه‌ و به‌ زاره‌كی و نووسراویش وه‌ڵاممان داونه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و ده‌ستوور رای هه‌رێمی كوردستانمان دیاریكردووه‌ و روونمان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی عێراق و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیشدا بێت.

 

ده‌مه‌وێت دڵنیاتان بكه‌مه‌وه‌، په‌یوه‌ندیمان به‌رده‌وامه‌. وه‌ڵامی حكومه‌تی فیدراڵیمان داوه‌ته‌وه‌. چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین ئه‌وانیش بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ زیاتر په‌نا به‌رنه‌ به‌ر یاسا و مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری و خۆیان له‌ بابه‌تی سیاسی به‌ دوور بگرن و ئه‌مه‌ نه‌كه‌نه‌ بابه‌تێكی سیاسی و وه‌ك كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم به‌كاری بهێنن. ئێمه‌ پابه‌ند ده‌بین به‌وه‌ی چاره‌سه‌ری یاسایی ئه‌م كێشه‌یه‌ش بكه‌ین.

 

توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌ت

 

زۆر جار له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا ده‌بینین توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت ده‌كرێت و هێشتا به‌رده‌وامه‌، پێم وایه‌ له‌وانه‌یه‌ ناهه‌قییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان بكرێت و بوترێت ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نیا له‌ كوردستان هه‌یه‌، وانییه‌، ناوچه‌كه‌ به‌ گشتیی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ ده‌ره‌وه‌ش ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ بنبڕ بكرێت. خۆزگه‌ بمانتوانیبا هه‌رێم وه‌كو نموونه‌یه‌كی وا پیشان بده‌ین، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توندوتیژی تێیدا جێگه‌ی نه‌بێته‌وه‌ و رێگه‌ی پێ نه‌درێت.

 

سوپاسی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ناوخۆ ده‌كه‌ین، بۆ گرتنه‌به‌ری رێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر به‌ تاوانبار و ئه‌وانه‌ی توندوتیژی ده‌كه‌ن. پێویسته‌ ئێمه‌ رێككاری پێشوه‌خته‌ش بگرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ و په‌روه‌رده‌ و مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی قوتابخانه‌كان ده‌كرێت، كه‌ بیری هه‌موو هاووڵاتیانی بخه‌نه‌وه‌، كه‌ یه‌كسانی ره‌گه‌زی له‌ كوردستان شتێكه‌ ئێمه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین و ده‌بێت به‌رده‌وام بین و په‌ره‌ی پێ بده‌ین و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش كوردستان جێگه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ توندوتیژی تێیدا به‌رده‌وام بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك حكومه‌ت پابه‌ندین به‌وه‌ی هه‌موو رێككارێك بگرینه‌ به‌ر بۆ بنبڕكردنی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ده‌كرێت.

 

درووستكردنی 20 هه‌زار یه‌كه‌

 

هه‌ستمان كردووه‌، خه‌ڵكێكی زۆری هه‌ژار و نه‌دار و كه‌م موچه‌ هه‌ن، كه‌ به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ی نیشته‌جێبوونیان هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ هه‌ندێك بازرگان قسه‌مان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ قورسه‌ كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ كه‌مده‌رامه‌تانه‌ و بڕیارمان داوه‌ 20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستان درووست بكه‌ین، به‌ پێی رێژه‌ ده‌ستنیشانی ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ین و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و بازرگانانه‌ی ده‌توانن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ قستی درێژخایه‌ن و نرخێكی كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێت شوێنی نیشته‌جێبوون بۆ هه‌ژاران و كه‌مده‌رامه‌تان ده‌سته‌به‌ر بكات و ئه‌مه‌ دوا پڕۆژه‌شمان نابێت، به‌ڵام ده‌ستپێكێكی باشه‌ و هیوامان وایه‌ خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت لێیان سوودمه‌ند بن.

 

 

Back to top button