هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان لە چیای قەرەچووخ ئەنجام دا
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوکاری هاوپەیمانان ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵمەتێکی فراوانی تێکدانی مۆڵگە و پەناگەی تیرۆریستانی داعشیان ئەنجام دا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی میحوەری شەشی پێشمەرگە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێکیان لە چیای قەرەچووخ ئەنجام دا کە تیایدا لیوای 14ـی پیادەی وەزاەتی پێشمەرگە و چەند یەکەیەکی هێزەکانی 80 بەشداربوون.
ڕاشیگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تەواوی مۆڵگە و پەناگەکانی تیرۆریستان کە لەسنووری ئۆپەراسیۆنەکەدابوون تێکدران و بەشێکی زۆر و فراوانی چیای (قەرەچووخ)ـیان کێوماڵ کرد.
ئاماژەی بەوەش داوە کە “پاش شکستی تەواوەتی داعش پاشماوەکانی تیرۆرستانی داعش چیای قەرەچووخ وەک پەناگەیەک بەکاردێنن، بۆ تێکدانی ئاسایشی و ئارامی ناوچەکە و لێدان لە هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە.”