نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک سوپاسی خەمخۆریی سەرۆكی حكوومەت ده‌كه‌ن

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ کە له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆک كۆ بووەوە و گوێی لە داواكارییەكانیان گرت كە بۆچی تا ئێستا خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە و بە ڕاشكاوی هەموو گلەییەكانی خۆیان باس كرد.

 

له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ‌وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار به‌ خاوه‌ن زه‌ووییه‌كانی هەشتی حه‌سارۆكی ڕاگەیاند، داواكانی ئێوە مانای وایە چاوەڕوانیی زۆرتان لە حكوومەتی خۆتان هەیە كە ئەمەش مانای متمانەی هاووڵاتییانە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕوونیشی كردەوە، وێڕای باری دارایی حكوومەت، بەڵام ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵێنی پێ دان خزمەتگوزاریتان پێ بگات، بۆیە دڵنیا بن هەموو توانایەكمان خستووەتە گەڕ.

 

ساسان عەونی، وردەكاریی ئەو هەوڵ و پێشنیازانەی بۆ نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک ڕوون كردەوە تا گەیشتوون بە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی لەپێشدا خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانیان پێ بگات وەک گەیاندنی ئاوی خاوێن، ئاوەڕۆ، شەماقە سەرەكییەكان، كارەبا و پاشان هەموو خزمەتگوزارییەكانی دیكە.

 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، حكوومەت بۆ ئەوەی لەم دۆخە سەختە داراییەدا خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەشتی حەسارۆک، بڕیاری داوە زەوییە بارزگانییەكان بفرۆشێت و پارەكەشی هەمووی تەنیا بۆ خزمەتگوزاریی كەرتەكە خەرج دەكرێت. داواشی لێ كردن، با نوێنەریان لە دانیشتنەكانی پرۆسەی فرۆشتنی زەوییەكان و شێوازی خەرجكردنەكەی بەشدار بێت و چاودێری بكەن.

 

لە بەرامبەر ئه‌و بڕیار و هه‌وڵانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك و خزمه‌تكردنیان، نوێنەرانی كەرتی هەشتی حەسارۆک، سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵە خەمخۆرییەكانی كابینەی نۆیەمیان كرد، وێڕای ئەوەی هێشتا خانووی لێ نەكراوە، خزمەتگوزاری دەگەیەننە كەرتەكە كە بەپێی یاسا دەبێت 30%ی هەر گەڕەكێک ئاوەدان بكرێتەوە، ئینجا حكوومەت خزمەتگوزاریی بۆ دەبات. هەروەها سوپاسی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریان كرد كە هەردەم دەرگەی وەزارەتی بۆ كردوونەتەوە و بەردەوام گوێی لە داواكانیان گرتووە.

Back to top button