حکومەتی هەرێم زیاتر لە 90 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرج دەکات
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” پرۆسەی گەیاندنی ئاو بە ماڵان، یەكێكە لە كارە گرنگەكانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاوی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە بە بەردەوام گوژمە بۆ چارەسەركردنی كێشە و درێژكردنەوەی تۆڕەكانی ئاو خەرج دەكرێت، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گوژمەی 92,204,940 دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی خەرج دەكات.
لە راگەیێندراوەکە هەروەها هاتووە:” گوژمەكە بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕێژەی 15٪ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و بە گوێرەی پلانی 2022 بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە گەڕەكی نەورۆز/320 سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەرج دەكرێت،”
“پرۆژەكەش پێكهاتووە لە ڕاكێشانی بۆریی ئاو، بەهۆیەوە گرفتی كەمئاوی لەو سنوورە چارەسەر دەكات.