لە خواکوڕك ناوەکان ببینە … تیروپشكی فەریزەی حەج بۆ كەسوكاری شەهیدان كرا

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ساڵانە لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەج ، لەو ژمارە حاجییانەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراون وەک ڕێزێک بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ڕێژەیەک بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابین دەکات .

لە راگەیێندراوێکدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردۆتەوە و تێیدا هاتووە، بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەیان هەستان بە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕاکێشانی ناوەکان بە شێوازی تیروپشک بۆ ئەو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە بە نیازی ئەنجامدانی (فەریزەی حەج)ن بۆ ئەمساڵ.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەو مەرجانەش کراوە کە دەبێت لەو کەسانەدا هەبن کە ناویان دەرچووە بۆ بەجێهێنانی (فەریزەی حەج) و گەشتکردن بۆ وڵاتی سعوودیە، مەرجەکانیش بریتین لە:

نابێت ئەو کەسەی سەردانی ماڵی خوا دەکەن تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاتر بێت.

هەر دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتبێت و کارتی ڤاکسینی هەبێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، باس لەوەش کراوە کە ئەو کەسانەی ئەمڕۆ تیروپشکیان بۆ کراوە تەنیا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بوون و ڕۆژانی دواتر سنووری پارێزگا و ناوچەکانی دیکەش بە هەمان شێوە تیروپشکیان بۆ دەکرێت و ئەو ناوانەی لەو تیروپشکە دەرچوون دەنێردرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عەمرەی سنوورەکانی خۆیان.

Back to top button