وەزارەتی ناوەخۆ حكومەتی كوردستان، ئەوەی روویداوە بەدەستی پەكەكە بوو لە شنگال
خواكوڕك
لەراگەیاندراوێكدا وەزارەتی ناوەخۆی كوردستان، باس لە هێرشی لایانگرانی پەكەكە و ئاژاوەگیری پەكەكە لە كۆمەڵگەی خانەسورێ دەكات، دەلێت ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو سوورە لەسەر نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە”.
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
دەربارەی ڕووداوەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بە شارەدێی سنوون لە سنووری شنگال، ڕای گشتیی کوردستان و دەرەوە ئاگادار دەکەینەوە کە
1- PKK بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو سوورە لەسەر نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە. بەردەوام لەوێ خەریکی ئیستفزازکردنی ھێزەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و بە ھەموو شێوەیەک دەیەوێ بەریەککەوتنێک ڕووبدات.
2- بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕۆژێکە لە ناوچەکانی حەسەکە و دێرک و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی سووریاوە خەڵک و ھێزی چەکدار دەھێنێتە سنووری شنگال و ڕۆژانە کێشە و پشێوی دروست دەکات.
3- ھەر لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ ویستیان ھێرش بکەنە سەر ھێزە فەرمییەکانی حکوومەت لە ناوچەی خانەسۆر، بەڵام پۆلیسی مەدەنی ھەوڵی دا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و ڕووبەڕووبوونەوە ڕوونەدات.
4- دووپاتی دەکەینەوە لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆدا ھەرچی ڕوویدابێت، بە دەستی خۆیان بووە و پۆلیسی مەدەنی کە چەندینیان بەرکەوتوون، بە ھیچ شێوەیەک بەرپرس نییە، تەنیا (پەکەکە) بەرپرسە کە بە ئەنقەست دەیەوێت ھەندێ لە برا ئێزدییەکان بکاتە ئامێری پیلانێکی قێزەوەن.
5- دووپاتی دەکەینەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوە و بەیەککەوتن ڕووبدات و داوا لە (پەکەکە) دەکەین ژیرانە مامەڵە بکات.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
14.3.2017