سهرۆك بارزانى پهیامێك به بۆنهى 46همین ساڵیادى ههڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان بڵاو دهكاتهوه
سەرۆک مەسعود بارزانی، بەبۆنەی چل و شەشەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: ئەو شۆڕشە سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و هێزێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی گوڵان، قۆناغێکی گرنگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە. ئەم شۆڕشە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو. ئەو شۆڕشە سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و هێزێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر.
لە چل و شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ڕێكخستنەكانی ناوخۆ و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە كە فیداكارانە ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و بوونە بەشێك لە شانازییەكانی گەلەكەمان.
لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەكەیان بەدیهێناوە.
مسعود بارزانی
26ـی ئایاری 2022