وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هێرشەکانی دوێنێی چەکدارانی پەکەکە هاتە دەنگ
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەکانی دوێنێی چەکدارانی پەکەکە هاتە دەنگ لە سنووری پارێزگای دهۆک هاتە دەنگ.
ئەمرۆ هەینی 27/5/2022، شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە راگەیاندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی دوێنێی چەکدارانی پەکەکە ئاماژەی بەوەداوە: “هیوادارین ململانێکانی سەرسنوورەکان چیتر پەل نەهاوێژێت بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکەش لەو ناوچەیە هەوڵ نەدەن ئارامی و ئاشتەوایی هێزەکانی پێشمەرگە بقۆزنەوە. چونکە رێگە نادرێت چیتر لەم ناوچانەدا، ئاسایش و ئارامی خەڵک تێک بچێت و گیانی هاوڵاتیان و پێشمەرگە بکەوێتە مەترسییەوە”.
دەقی راگەیاندراوەکە:
دوێنێ پێنج شەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢، لە دوو روداوی جیادا، بە چەکی قەناس هێرش كرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهاوەن گوندەکانی ناوچەکە بۆردوومان كرا، بەم شێوەیە:
یەکەم: بەچەکی قەناس هێرش کراوەتە سەر سەنگەرێکی لیوای چواری پیادە لە گوندی کانی ماسی و پێشمەرگەیەک بە ناوی( ن.ع/ محمد فازل محمد) بریندار بوو.
دووەم: لەکاتی هاوەن باران کردنی ناوچەکانی بامەڕنێ گولە هاوەنێک لەگوندی ئەرەدنا لە ناوچەی بامەڕنێ، لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک، کەوتۆتە خوارێ، لە ئەنجامدا، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (یوسف کۆڤان حاجی، ئەڤەند هۆشیار)، شەهید بوون و دوو هاوڵاتیش بریندار بوون.
ئەم روداوانە لەکاتێکدا بوون، کە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەنگەرەکانی خۆیاندا بوون،
هەروەها بەشێک لە گوندەکانی عەشیرەتی نێروەیی لە ئاهەنگێکی ناوچەییدا بوون لە گوندی ئەرەدنا، سەربە قەزای ئامێدی.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنین کە؛ هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نیگەرانن لەو كردەوانەو دەبێت هەموو لایەک تێبگەن کە؛ پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵک و خاکی کوردستان ئەرکی لەپێشینەی هێزەکانی پێشمەرگەیە وسازش ناكەن لەجێبەجێ كردنی ئەو ئەركەیان.
هیوادارین ململانێکانی سەرسنوورەکان چیتر پەل نەهاوێژێت بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکەش لەو ناوچەیە هەوڵ نەدەن ئارامی و ئاشتەوایی هێزەکانی پێشمەرگە بقۆزنەوە. چونکە رێگە نادرێت چیتر لەم ناوچانەدا، ئاسایش و ئارامی خەڵک تێک بچێت و گیانی هاوڵاتیان و پێشمەرگە بکەوێتە مەترسییەوە.
شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢