ڤیدیۆ … یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانەکانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان دەستگیرکرا
لە سۆران یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانەکانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان دەستگیرکرا.
بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران رایگەیاند: دواى چەندین ساڵ بەدواداچون و کۆکردنەوەى زانیارى و چاودێرى ورد، سەرەنجام هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران توانیان تۆمەتبار ( س.ع.خ ) یەکێک لە گەورەترین بازرگانەکانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان لە بازگەى گۆجار سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەستگیرى بکەن.
ئاشکراشى کردووە، تۆمەتبار خەڵکى ئیدارەى راپەڕینە و دانیشتوى قەلادزێ و وڵاتى ئێرانە و پشکى شێرى هەبووە لە بڵاوکردنەوەى ماددە هۆشبەرەکان بە هەموو جۆرەکانى کریستال، هێرویین و تریاک لە هەرێمى کوردستان.
دەشڵێت: لە ماوەى ئەم چەند ساڵە هێزەکانى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکان توانیان دەست بگرن بە سەر رێژەیەکى زۆر لە جۆرەکانى ماددەى هۆشبەر و حەبى هۆشبەر و چەندین ئۆتۆمبێل و دەستگیر کردنى ژمارەیەکى زۆر لە ئالوودەبووان و فرۆشیارانى ماددەى هۆشبەر کە کاریان بۆ ( س.ع.خ ) کردووە.
بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران باسى لەوەشکردووە، ناوبراو سەرپەرشتى باندێکى گەورەى هاوردە کردن و بڵاوکلادنەوە ماددە هۆشبەرەکانى دەکرد و بەدەستگیرکردنى ئەم بازرگانە، ماددەى هۆشبەر لە سنورى پارێزگاى هەولێر بە شێوەى بەرچاو رو لە کەم بون دەکات.