عەلی تەتەر: حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژە دەكات و پەكەكە تێكی دەدات

پارێزگاری دهۆك لەکاتی سەردانیکردنی بۆ  ناحیەی شیلادزێی سەر بە شاری ئامێدی  بەمەبەستی كردنەوەی پرۆژەیەك لەو ناحیەیە گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سەدان پرۆژەوە خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكات، بەڵام پەكەكە خراپەكاری دەكات و تێکی دەدات .

 

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك کە لە کاتی کردنەوەی پرۆژەکە وتارێکی پێشکەش کرد رای گەیاند، لە ساڵی 1991ەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵكی ئەم دەڤەرانە بكات، بەڵام ”بەهۆی بوونی هێزێكی بیانی و نایاسایی، لەم دەڤەرەدا نەتواندراوە خزمەتگوزاری بگەیەندرێنە هەموو گوندەكان“.

 

راشیگەیاند:”  پەكەكە جگە لەوەی ڕێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكە، ئەو پرۆژانەش تێك دەدات كە لە لایەن حكوومەتەوە دەكرێن، چەند مانگێك لەمەوبەر، ئێمە ڕێگەیەكمان بۆ گوندێكی ئەم دەڤەرە دروست كرد، تاوەكوو ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەنینە گوندەكە، بەڵام دواتر چەكدارانی پەكەكە شەقامەكەیان تەقاندەوە و لەناویان برد“.

عەلی تەتەر جەختی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەڕ و تێكدانی ناوێت، بۆیە ”داوا لە پەكەكە دەكەین، دەست لەو سیاسەتە هەڵەیە بەربدات و رێگە بدات حكوومەت دەستی ئاوەدانیی زیاتر بۆ خەڵكی خۆی درێژ بكات و بلا کەرەمکەنە باکووری کوردستان خەباتی خۆیان ئەنجام بدەن“.

Back to top button