وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێکی دەرکرد
بە ئامانجی بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و زیادکردنی داھات و کەمکردنەوەی بارگرانی و ئاسانکاری لەسەر ھاووڵاتییان و بازرگانان وەزیری دارایی 10 بڕیار دەردەکات.
لە ڕاگەیاندراوێکدا وهزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/6/2، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری ھەرێم، بە یاوەری یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبونی ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکەجیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنوری ئیدارەکە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا.
لە ڕاگەیێندراوەکە هەروەها هاتووە، له كۆبوونهوهكهدا، وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: “لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی ههبووه لە کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان”.
وەزیری دارایی داواشی کرد کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری یاساییەکانی وەزارەتی دارایی و ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت ئەوەش لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی.
لە راگەیاندراوەكە ئەوەش ئاشكرا كراوە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارانەی دەركرد:
1- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێدەکرێت.
2- بازرگانان ئازادن لە بازرگانی کردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.
3- لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.
4- پیاداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.
5- پێداچونەوە بە لێخۆشبونی 202 ماددە کە حکوومەتی عێراق لێخۆشبونی بۆ کردووە.
6- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دوو بارە بونەوە هیچ بڕه پارەیهك وەرناگیرێت.
7- کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەرویزخان ڕێکدەخرێتەوە.
8- پێداچونەوە بەکرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.
9- پێداچونەوە بە پاراستنی بەروبومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەل وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
10- لە سەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابوری دابینکردنی 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی رەخساندن 2000 هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.