لە هەولێر زەوى بۆ چەندین پڕۆژەى دیکەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین کرا
پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەینێت: زەوى بۆ چەندین پڕۆژەى دیکەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند:” نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2022.6.5، لەدیوانى پارێزگا، سەرپەرشتى کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکانمان کرد.
ڕاشیگەیاند:” لەکۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لەکۆى (48) پڕۆژە کە داواى دابینکردنى زەویان کردبوو، زەویمان بۆ دروستکرنی (10) پڕۆژەى پیشەسازى و وەبەرهێنانى قورس و مامناوەند لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەرخانکرد، (2) پڕۆژە ڕەتکرایەوە، (36) پڕۆژەش دواخرا.
لەساڵی ڕابردوو 2021، بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لەهەولێرى پایتەخت، لەبوارەکانى (کارگەی هەیکەلی ئاسن، کەل و پەلى کارەبا، گۆڕەر، پیشەسازیی خۆراک، کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز … هتد) بەڕووبەرى فراوان زەوی بۆ بونیاتنانى (70) کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند لەسنوورى شارەوانى هەولێر تەرخان کرا، کە لەداهاتوویەکى نزیکدا ئەم پڕۆژانە سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.