د. ئومێد سەباح: هەموو داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6/6/2022، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکھاتبوو لە خالد شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووساندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و د.خالد ھادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و لە پێناو زامنکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان،گەیشتنە بەغدا.

لەمبارەیەوە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ میدیاکان باسی لەناوەڕۆکی ڕاپۆرتێک کرد کە پێشکەشیان کرد بە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و گوتی: “راپۆرتی کۆتایی کە تێیدا وردبینی بۆ خەرجی و میلاکاتی هەرێمی کوردستان کراوە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و دیوانی چاودێری ئیتیحادی پەسند کراوە، ئەم راپۆرتە گرنگیەکی ئێجگار زۆری هەیە، چونکە لە راپۆرتەکەدا هەموو ئەو زانیاریە ناڕاستانەی کە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوتران بەدرۆ خراونەتەوە.”

گوتیشی، یەکەمجارە لەدوای ساڵی 1991 کارێکی پێکەوەیی لەنێوان چاودێری دارایی هەرێم و چاودێری دارایی ئیتیحادی بکرێت و بەرهەمێکیشی هەبێت، کە دەبێتە بناغەیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکی تەندروست لەنێوان دامودەزگاکاندا.

لەبارەی 200 ملیارەکەوە، د. ئومێد سەباح بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “ئەو بڕە پارەیە ماف و شایستەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام زۆرجار ئەم مافە مامەڵەیەکی ناتەندروستی لەگەڵ کراوە، ئومێدەوارین حکومەتی ئیتیحادی و وەزارەتی دارایی، مامەڵەیەکی دەستوریانە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.”

د. ئومێد سەباح باسی لەوەش کرد، “هاوتەریب لەگەڵ ئەم راپۆرتە بە نووسراوێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانەوە، هەموو داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە، هەروەها رەوانەی وەزارەتی نەوتی ئیتیحادیمان کردووە، هیواخوازین مامەڵەیەکی دەستووری لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێی کوردستان بکەن.”

Back to top button