پارتی و یەكێتی راگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، راگەیاندراوێكیان بڵاو كردەوە کە تایبەت بووە بە گفتوگۆ لەسەر پرسی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەك دوو پرسی نیشتمانی، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، جەختیش لە پێویستیی دەست پێكردنی ئامادەكاریی یاسایی بۆ ئەم بابەتە كراوە.
لە ڕاگەیێندراوەکە کە وێنەیەکی دەست دەزگای میدیایی خواکوڕك کەوتووە هەروەها لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەك دوو پرسی گرنگی نیشتمانی، پارتی و یەكێتی پێیان وایە ”پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر و سازانی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستانە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر“.
ئەمەش دەقی راگەیاندراوە هاوبەشەكەیە:
راگەیاندراوی هاوبەش
رۆژی 7ی حوزەیرانی 2022، كۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر سەبارەت بە گفتوگۆ لەسەر پرسی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەك دوو پرسی نیشتمانی بەڕێوە چوو
١- هەردوولا هاوڕابووین لەسەر پێویستی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دەست بە ئامادەكاریی یاسایی بكرێت.
٢- پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەك دوو پرسی گرنگی نیشتمانی پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر و سازانی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستانە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر.
٣- بڕیار درا كۆبوونەوەكانی هەردوولا بەردەوامییان هەبێت.