هـەموو چـالاکی درۆنەکانی ئێران لە ناوچەکە قەدەغە دەکرێت.

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی کۆنگرێس، پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد تێیدا هەموو چالاکییەکانی درۆنی ئێرانی لە ناوچەکە قەدەغە دەکات، هاوکات، بڕیارە پڕۆژەیاساکە بخرێتە بەردەم جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەوەی پەسەندی کرد دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ڕاگەیەنداوێکدا لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمه‌ریکا ئاماژەی بەوەکرد، “ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆڕاگرتنی درۆنەکانی ئێران و بەرنامەی دروستکردنی درۆنی ئێرانی”.

هەر بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە، “چیتر کڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئێران قەدەغە دەکرێت و هەر لایەنێک پابەند نەبێت ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە”.

ئەوەش هاتووە، “ئەمریکا بەڵگەی پێویستی لەبەردەستە کە ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار ئێران بەبیانووی بوونی بارەگای ئیسرائیل لەڕێی درۆنەوە هێرشی کردەسەر هەرێمی کوردستان.

Back to top button