كاتى ته‌واوبوونى یه‌كه‌كانى نیشته‌جێبوونى كرێنشینان ئاشكرا بوو

وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێت بەو کەسانەی سوودمەند نەبوونه‌.

دانا عەبدولکەریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن به‌ كه‌ناڵى (k24) ڕاگه‌یاندووه‌: “یەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان دروست دەکرێت، دەدرێت بەو کەسانەی تا ئێستا لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون و زەوی سوودمەند نەبوونە”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه‌، بۆ تەواوکردنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون، بڕیاری لێ دراوە لە ماوەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک تەواو بکرێن.

له‌باره‌ى شێوازی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، وەزیری ئاوەدانکردنەوه‌ ڕوونى كرده‌وه‌: “بە ئۆنڵاین فۆڕم پڕ دەکرێتەوە و هاووڵاتییان داوا پێشکەش دەکەن، لە فۆڕمەکەدا هەموو زانیارییەکان دەخرێنە ڕوو، لیژنە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان پێک دەهێنرێت و زانیارییەکان کۆ دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی شایستە بێت، یەکەی نیشتەجێبوونی پێبدرێت”.

دانا عەبدولکەریم، لەبارەی پڕۆژەکانی دیکەی نیشتەجێبوون کە چەند ساڵێکە چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنه‌وه‌، گوتی: “لە کۆبوونەوەی 31/5/2022، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەری یەکەی نیشتەجێبوون، ئەوە خرایە ڕوو کە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێشتر دراوەتە بەڵێندەران، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لەو پڕۆژانە وەستێنراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت و لە ماوەی داهاتوودا فەرمان و ڕێنوێنیی تایبەت بەو بابەتە دەردەچێت، دوای دابینکردنی بودجەی تایبەت، هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی کەمدا یەکەکان تەواو بکرێن”.

جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئەو پڕۆژانە پێش ساڵی 2014 چوونەتە واری جێبەجێکردنه‌وه‌، هەندێکیان زیاتر %80 و هەندێكیشیان %50ى کارەکانیان تەواو بووە، هەندێک لەو پڕۆژانەش ڕێژەی کارکردن تێیاندا کەمترە.

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کرێچی و کەمدەرامەت دروست ده‌کرێت، دەستەی وەبەرهێنان پێشتر ئاشکراى کردبوو کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پێشکەشکردنی داواکاری بە شێوەی ئۆنڵاین بۆ وەرگرتنی یەکەکان دەست پێبکات.

Back to top button