لیزا کاکەیی: زیاتر لە 4 هەزار دوو موچەیی نایاسایی ڕاگیراوە

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان باس لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ دەکات و دەلێ : توانراوە 4189 دوو موچەیی نایاسایی دەستنیشانبکرێت و ڕابگیرێت.

 

لیزا کاکەیی لەپەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رای گەیاندووە:” لە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەم و سێیەم لە ماددەی (٣) لە یاسای چاکسازی، لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیارى، دوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوون لە لیستی ناو و زانیاری کەیسی ئەوانەی دوو مووچەی نایاسایی وەردەگرن، توانراوە 4189 دوو موچەیی نایاسایی دەستنیشانبکرێت و ڕابگیرێت.

 

باسی لەوەشکردووە کە:” بڕی پارەی گەڕاوە لە ئەنجامی ڕاگرتنی دوو مووچەیی نایاسایی تا ئێستا گەیشتووەتە 1,253,626,591 (ملیارێک و دوو سەد و پەنجا و سێ ملیۆن و شەش سەد و بیست و شەش هەزار و پێنجسەد و نەوت و یەک دینار).

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەشلێت:” بێگومان پڕۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی ماددەکانی تری یاسایەکە بەردەوامە.

Back to top button