وەزارەتی تەندروستی: ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە هەولێر و سلێمانی دەستنیشانكراون

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی كۆلێرا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو رایدەگەینێت، ژمارەیەك حاڵەتی كۆلێرا لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون.

لە ڕاگەیێندراوەکە کە وێنەیەکی دەست دەزگای میدیایی خواکوڕك کەوتووە تێداهاتووە، ” لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سرووشتی نەخۆشیەكانی سكچوون و دوابەدوای چالاككردنەوەی بەرنامەی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەكان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكانی سكچوونی توند لەلایەن دامودەزگاكانی تەندروستی لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان بەپێی بەرنامە و پلانی دارێژڕاو.

لە ڕاگەیێندراوەکە ئەوەش هاتووە: “بۆ بەرچاوڕوونی هاووڵاتیان ڕایدەگەیەنین كە ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی سكچوونی توند زیادی كردووە و تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشكنین بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجامدراوە”.

ڕوونیشکراوەتەوە: “ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەیی، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری زیاتر و تووندتری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكان گرتووەتەبەر بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەبواری خۆپارێزی و چارەسەری و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی”.

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکە، وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەكات پابەندی ڕێنماییەكانی پاكوخاوێنی كەسی و دڵنیابوونەوە لە ئاوی پاكی خواردنەوە و خۆراك بن و لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانی سكچوون بەزووترین كات پەیوەندی بە دەزگاكانی تەندروستی بكەن لەپێناو ڕێگریكردن لە ئاڵۆزکانیەكان و سەلامەتیان”.

Back to top button