وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبارەی بەنزین و مووچەوە روونكردنەوە دەدات

لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەلێ : بە هیچ شێوەیەك لە گفتوگۆكانی نێوان وەزارەت و لێژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان باسی پرسی موچە نەكراوە

 

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتەکە هاتووە:” ئەمڕۆ رێكەوتی 19/6/2022 لە دیوانی وەزارەتی كارەبا كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی سامانە سروشتیەكان كۆبووەو بەتێروتەسەل باس لەهەنگاوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كرا كە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین و پاڵپشتی حكومەت گیراوەتەبەر، بەداخەوە بەناوی بەڕێز وەزیرەوە لەهەندێك بەیج و ئەكاونتی ساختەوە هەواڵێكی هەڵپەسێردراو بڵاوكراوەتەوە كە دوورە لەراستییەوە، لەكاتێكدا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (پاراستنی ئەمنیەت و موچەی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەكان ) لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەو كارەكانی حكومەت دێت و دابینكردنی بەنزین و پاڵپشتیكردنی لەلایەن حكومەتەوە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیی بەموچەوە نییە و لەسەر حسابی فەرمانبەرانی خۆشەویست بەهیچ شێوەیەك باسی پرسی موچە نەكراوەو ناكرێت.

 

روونیشی کردۆتەوە :” وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان خاوەنی بەیجی فەرمی فەیسبووكی خۆیانەو بەفەرمی لەلایەن فەیسبووكەوە ناسێندراون و هەر هەواڵ و بۆچوونێك بێچەوانەی ئەم دوو بەیجەوە بڵاوبكرێتەوە وەزارەت لێی بەرپرسیار نییە و تەنیا بۆ بەلارێدانەبردن سەرقاڵكردن و كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنتە.

Back to top button