شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی دیدارەکانی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتەکەی بڵاوکردەوە و، ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە بەغدا چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامداوە و تێدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراوەتەوە و باسیان لە وەرگرتنەوە و گێڕانەوەی ئەو پایانە (مناصب) کرد، کە پشکی پێشمەرگەیە لەناو سوپای عێراقدا.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتى پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، و تێدا رای گەیاندووە، لەدرێژەی سەردانەکەیاندا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد، لەلایەن فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، پێشوازییان لێ کرا.

 

 

 

راشیگەیاندووە، لەدیدارێکدا، عەبدولئەمیر شەمەری، کورتەیەکی لەبارەی چالاکی و کاروبارەکانی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لەڕووی شێوازی رووبەڕوو بوونەوەی گروپە تیرۆریستیەکان و ئەو بابەتە ئەمنی و سەربازییانەی هەن لە عێراقدا پێشکەش کرد، پاشان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان بەسەرکردەوە.

 

دواتر شاندی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دوو دیداری جیادا، لەلایەن جومعە عناد وەزیری بەرگری عێراق و عەبدولئەمیر یاروڵا سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگری عێراق، پێشوازییان لێ کرا.

 

لە دوو کۆبوونەوەی جیادا، گفتوگۆیان لەبارەی هاوکاریەکانی وەزارەتی بەرگری عێراقی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لەهەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لەڕووی مەشق و راهێنانەکان، هەماهەنگی لەکاتی ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش.

 

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بابەتی بەشداری کردنی ئەفسەر و خوێندکار و قوتابیانی کورد و وەزارەتی پێشمەرگەی لە کۆلێژەکانی سەربازی عێراق و کۆلێژی جەنگ و کۆلێژی ئەرکان و کۆلێژی بەرگری نیشتیمانی خستەڕوو، لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەروەها باسیان لە وەرگرتنەوە و گێڕانەوەی ئەو پایانە (مناصب) کرد، کە پشکی پێشمەرگەنە لەناو سوپای عێراقی، لەمبارەیەوە گفتوگۆی وردیان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەنجام دا.

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە کرا، باشتر کردن و بەرەو پێش بردنی پەیوەندییەکان و دروست کردنی متمانەیەکی پتەو لەنێوان هەردوولا، بەگرنگ و پڕ بایەخ زانرا لەهەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لە ئێستادا بۆئەوەی کاریگەرییەکی زیاتر دروست بکەن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش.

 

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری بەڵێنی دا، کە هاوکار و هەماهەنگ بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتانە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان دەبێت بەپێی ئەو رێنمایی و یاسا و رێسا کار پێکراوانە بێت، کە وەزارەتی بەرگری کاریان پێ دەکات.

 

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کرد، لەمبارەیەوە جومعە عناد وەزیری بەرگری رایگەیاند: رێکارەکانی دروست بوون و دەست بەکاربوونی دوو لیوایەکە لە وەزارەتی بەرگری تەواو بوون و لای خۆیانەوە هەموو کارەکان و ئاسانکارییەکیان ئەنجام داوە، ئەوەی ماوەتە دابین کردنی بودجە و شایستە داراییەکانە بۆ دوو لیواکە، کە دەبێ لە ئاستی حکومەت و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆیان دابین بکرێت.

 

Back to top button