تەرمی سێ کۆچبەری کورد دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
بڕیارە رۆژی شەممە 2/7/2022 تەرمی سێ کۆچبەری کورد لە یۆنان بگەڕێندرێنەوە کوردستان.
شێخ حسێن، نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، رۆژی 2ـی تەموزی 2022 کاتژمێر 4:05 خولەکی سەر لە ئێوارە تەرمی سێ کۆچبەری کورد لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان کە دووان لەوانە منداڵن.
وەک لە بەڵگەنامەکانیان هاتووە ، هەر سێ کۆچبەرەکە لەدایکبووی پاریزگای سلێمانین و گەورەترینیان تەمەنی 33 ساڵە دوانەکەی دیکە 9 ساڵ و 6 ساڵن.
نوێنەری دەزگای لوتکە دەشلێت، دوای زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر رووداوی ژێر ئاو کەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە 21/12/2021 نزیک دورگەی سانتۆرینی یۆنان تەرمی ئەو سێ کۆچبەرە کوردە بە چەند قۆناغێکی جیا جیا لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزراونەتەوە.