حکوومەتی هەرێم بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەرخان دەکات
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 187 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنی تونێلی دەربەندیخان تەرخان دەکات.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن 828 هەزار دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕی. بەمەبەستی چاککردنی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان.
ڕاشیگەیاند: لە مانگی نیسانی ڕابردوو لەمیانی بەسەرکردنەوەی تونێلەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پلانی خێرا هەوڵدەدەین بەزووترین کات تونێلەکە نۆژەن بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە و بڕیار دراوە کە لێژنەیەکی ھاوبەش لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتی پلاندانان پێکبھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باشترین کۆمپانیای ناوچەکە تایبەت بە دروستکردنی تونێلی دووەمی دەربەندیخان.