وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌: زیاتر له‌ 9 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون ته‌واو ده‌كرێن

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، میکانیزم و ڕێوشوێنی پێویست بۆ تەواوکردن و دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەگیرێتەبەر و “بڕیاردراوە سندوقی نیشتەجێکردن کارا بکرێتەوە کە هەنگاوی یەکەمە بۆ تەواوکردنی یەکەکان”.

 

بەگوێرەى ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتەکە، ئەمرۆ دووشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە دیوانی وەزارەت سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد تایبەت بەو پڕۆژانەی یەکەی نیشتەجێبون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە جێبەجێدەکرێت.

 

ئەوەشخراوەتەڕو، گفتوگۆکرا سەبارەت بە دانانی پلان و میکانیزم بۆ تەواوکردن و دابەشكردنی ئەو نۆ هەزار و چوار یەکەیەی نیشتەجێبون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە جێبەجێدەکرێن، کە بەشێکیان تەنها لایەنی خزمەتگوزاری ماوەو لەقۆناغەکانی کۆتاییدان.”

 

ئاماژە بەوەشکراوە، “وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە کۆبونەوەکەدا تیشکی خستەسەر کۆبونەوەکەیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکومەت تایبەت بە تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبون و رایگەیاند؛ خۆشبەختانە بەڕێز سەرۆکی حکومەت بەدەم داواکارییەکانمانەوە هات و چارەسەری گونجاو بۆ تەواوکردنی ئەو نۆ هەزار و چوار یەکەیەی نیشتەجێبون پەسەندکرا.”

 

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە، “بڕیاردراوە سندوقی نیشتەجێکردن کارا بکرێتەوە، کە هەنگاوی یەکەمە بۆ تەواوکردنی یەکەکان و ئێمەش هەمو هەوڵەکانمان بۆ ئەوە دەبێت کە بەزوترین کات رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر و ئەو یەکانەی نیشتەجێبون تەواو بکەین، هەروەک جەختی کردەوە؛ ئامانجمان تەواوکردنی یەکەکان و دابەشکردنیەتی بەسەر کەسانی شایستەدا.”

 

هەر لە کۆبونەوەکەدا “رێنمایی و بڕیاری پێویست دەرکرا، سەبارەت بە چۆنێتی دەستبەکاربونەوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێببون و تەواوکردنیان، لەگەڵ دانانی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی یەکەکان.”

Back to top button